بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەرێمی کوردستان ئاماری تاوان و رووداوەکانی ساڵی رابردووی راگەیاند، بەگوێرەی ئامارەکان لە ماوەی ساڵێکدا 183 حاڵەتی کوشتنی بە ئەنقەست و 240 حاڵەتی خۆکوشتن تۆمارکراون و 324 کەس بەهۆی ماددەی هۆشبەرەوە لە هەرێمی کوردستان دەستگیرکراون.
کارزان ئەمیر غەفووری بەرپرسی بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هەرێم، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، 183 رووداوی کوشتنی بە ئەنقەست لە ساڵی رابردوو تۆمارکراوە، هەروەها 32 رووداوی کوشتنی بە هەڵە هەبووە و 240 خۆکوشتن تۆمارکراوە.
بەپێی ئاماری پۆلیس لە ساڵی 2022دا پێنج هەزار و 931 حاڵەتی دزیکردن تۆمارکراوە، هاوکات دوو هەزار و 576 حاڵەتی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی تۆمارکراوە و هەزار و 398 ساختەکاریی و حەوت هەزار و 991 حاڵەتی فێڵکردن هەبووە و هەزار و 156 کەسیش لەسەر سواڵکردن دەستگیرکراون.
بەرپرسی بەشی راگەیاندنی پۆلیسی گشتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، پێش بڕیاری سەرۆکی حکومەت بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت دەستگیراوە بەسەر 850 چەک، دوای بڕیارەکە 523 چەکی بێ مۆڵەت دەستی بەسەردا گیراوە.
هەر بەگوێرەی ئاماری پۆلیس لە ساڵی رابردوودا 324 کەس بەهۆی ماددەی هۆشبەرە دەستگیرکراون و 212 تۆماری تەقەکردن تۆمارکراوە و پێنج هەزار و 206 کەسیش بەهۆی هەڕەشە لێکران سکاڵایان تۆمارکردووە، هەروەها پێنج هەزار و 640 حاڵەتی شەڕکردن تۆمارکراون.
بەرپرسی بەشی راگەیاندنی پۆلیسی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشدا، لە ساڵی رابردوودا 207 حاڵەتی سوتان تۆمار کراوە و 86 کەسیش خۆیان سوتاندووە.
هەروەها لە ساڵێکدا 801 پرۆسەی هاوسەرگیری لە دەرەوەی دادگاکان تۆمارکراوە.
لە ساڵی 2022دا لە هەرێمی کوردستان حەوت هەزار و 546 رووداوی ئاگرکەوتنەوە هەبووە.
میدیا مەگەزین