رۆژهه‌لاتی ناوه‌راستگرنگهەواڵ

محه‌ممه‌د شیاع سوودانی به‌ره‌و ئه‌ڵمانیا به‌ڕێكه‌وت

محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له‌سه‌ر داوای فه‌رمی راوێژكاری ئه‌ڵمانیا به‌ره‌و ئه‌و وڵاته‌ به‌ڕێكه‌وت.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ (12ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ری 2023)، نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، “محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له‌سه‌ر بانگهێشتنامه‌ی فه‌رمی راوێژكاری ئه‌ڵمانیا، به‌یاوه‌ری شاندێكی باڵای حكومه‌ی، به‌غدای به‌جێهێشت و به‌ره‌و به‌رلین به‌ڕێككه‌وت”. به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، سوودانی به‌مه‌به‌ستی پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان عێراق و ئه‌ڵمانیا سه‌ردانی ئه‌و وڵاته‌ی كردووه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، پێش به‌ڕێكه‌وتنی بۆ به‌رلین، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، سەردانەکەی بۆ ئەڵمانیا پێش چەند هەفتەیەک لەلایەن لیژنە تایبەتمەندەکانی نێوان هەردوو وڵاته‌وه‌ ئاماده‌كاری بۆ كراوه‌ و جیاوازە لە سەردانەکانی پێشووی بەرپرسانی پێشووی عێراق، چونکە پلانی کاری هاوبەشی نێوان هه‌ردوو وڵات و یاداشتەکانی لێکتێگەیشتن لەخۆدەگرێت.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌، پێش سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ ئه‌ڵمانیا، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق به‌ رۆژنامه‌ی “بێڵد”ـی ئه‌ڵمانی راگه‌یاندبوو، ئامانج له‌ سه‌ردانه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی بۆ ئه‌ڵمانیا، بۆ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌ سیاسی و ئابوورییه‌كانی نێوان به‌غدا و به‌رلینه‌.

سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند، “ئەزموونی ئەڵمانیا سوودێکی زۆری بۆ ئێمە هەیە لە پاڵپشتیکردنی دەستەی دەستپاکی، پەرەپێدانی رێکار و ستراتیژی و سیاسەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.”

گوتیشی، “ئامانجمان بەهێزکردنی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان ئه‌ڵمانیا و عێراق و بەرزکردنەوەیانه‌ بۆ ئاستێک کە هاوتا بێت لەگەڵ پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات”. جەختیشی لەوە کردەوە، “هیچ حکومەتێک ناتوانێت کۆچبەران ناچار بکات بگەڕێنەوە”.

سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، “پێشنیار دەکەین بۆ حکومەتی ئەڵمانیا لیژنەیەکی هاوبەش پێکبهێنێت بۆ ئەوەی رێگە خۆش بکات بۆ گەڕانەوەی خۆبەخشانەی عێراقییەکان”. جەختیشی لەوە کردەوە، “كۆمپانیای سیمێنس کاردەکات بۆ دابینکردنی کارەبا بۆ نزیکەی 23 ملیۆن عێراقی لە رێگەی 13 وێستگەی کارەبا لە سەرانسەری عێراق”.

میدیا مەگەزین

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button