سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ره‌تیكرده‌وه داوای لێبوردن له ئێران بكات
سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌باره‌ی به‌كارهێنانی ناوی كه‌نداوی عه‌ره‌بی له‌بری كه‌نداوی فارس، ره‌تی ده‌كاته‌وه داوای لێبوردن له ئێران بكات.
محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ره‌تیكرده‌وه داوای لێبوردن له ئێران بكات، له‌وه‌ی عێراقییه‌كان ناوی كه‌نداوی عه‌ره‌بییان له بری ناوی كه‌نداوی فارس به‌كارهێناوه و جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كرده‌وه، “كه‌نداوی عه‌ره‌بی واقعه و ناگۆڕێت”.
ئه‌م لێدوانه‌ی سوودانی له‌میانی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی “دوتچه‌ڤێل”ـی ئەڵمانی، لە پەراوێزی سەردانەکەی بۆ بەرلین، رایگه‌یاند، “وڵاتانی کەنداوی عەرەبی واقعه و ناگۆڕێت، ئاماژەی بەوەشکرد، نامانەوێت خۆمان لەم کێشانەدا تێوەبگلێنین، کە هەندێك لایه‌ن هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ن”.
هه‌روه‌ها سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق دووپاتیكرده‌وه، رێز له هه‌موو بۆچوونێك ده‌گرین و عێراق به‌شێكه له “سیستمی وڵاتانی عه‌ره‌بی” و داكۆكیش له پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ وڵاتانی كه‌نداوی عه‌ره‌بی ده‌كه‌ین.
سه‌باره‌ت به دانوستانه‌كانی نێوان ریاز و تاران، محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند، به‌رده‌وامده‌بن له نێوه‌ندگیریكردنی نێوان ئێران و سعوودیه.
دوای ده‌ستپێكردنی یارییه‌كانی جامی كه‌نداوی 25 له به‌سره، به‌كارهێنانی ناوی كه‌نداوی عه‌ره‌بی له بری كه‌نداوی فارس بۆ پاڵه‌وانیه‌ته‌كه بووه هۆی ده‌ربرینی ناڕه‌زایه‌تی له‌لایه‌ن به‌رپرسانی ئێرانه‌وه و داوایان له عێراق كرد داوای لێبوردن بكات.
میدیا مەگەزین