ئەمڕۆ یەکشەممە 15ی کانوونی دووەمی 2023، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ( 100) مین کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجامی دوا سەردانی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران بۆ بەغدا و کۆبوونەوە لە گەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و شاندی دانوستانی حکومەتی فیدراڵ لە 2023/1/11 تاوتوێ کرا .
سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوە دا کە لە کۆبوونەوەکاندا ، هەستمان بەوە کرد کەشێکی ئەرێنی و دەرفەتێکی باش هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لە سەر بنەمای دەستوور و لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت و کارنامەی وەزاری پەسەندکراو لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە.
سەرۆک وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە لە سەر چەندین بابەتی پەیوەندیدار، لەوانە پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵ بۆ ساڵی 2023 ، پڕۆژە یاسای نەوت و گازی فیدراڵ ، ماف و شایستە دەستوورییەکانی پێشمەرگە، جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور و ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ، جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و دەرچوونی میلیشیا و هێزە چەکدارە نایاساییەکان و چەندین بابەتی دیکە، گفتوگۆمان کردووە و گەیشتووینەتە چەند لەیەکتێگەیشتنێکی سەرەتایی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی ڕاپۆرتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان سەبارەت بە دابینکردنی نەوتی سپی و دوا بەرەوپێشچوونی ڕێککەوتنی نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ لە کاتی سەردانی شاندی باڵای هەرێم بەسەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران لە 2023/1/11 بۆ بەغدا سەبارەت بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ناردنی بەشە نەوتی سپی بۆ هەرێم، کە لە لایەن کەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت خرایەڕوو.
لە بڕگەی سێیەمدا، دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە دوایین هەنگاوو بەرەوپێشچوونەکانی میکانیزمی جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ بۆ ساڵی یەکەم خستەڕوو.
سەرۆک وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتەکە، پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی بە ڕێزگرتن و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و چەسپاندن و بەهێزکردنی بنەما دیموکراسییەکان و پەرەپێدانی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان هەروەک لە کارنامەی کابینەی نۆیەمدا هاتووە، دووپات کردەوە.
دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران بە تێکڕای دەنگ ڕاپۆرتەکەی پەسەند کرد .
15 کانوونی دووەم 2023