کوردستانگرنگ

تەرمی دوو کۆچبەرئ کورد گەڕێندرایەوە بۆ کوردستان

ته‌رمی دوو كۆچبه‌ری كورد له‌ڕێگه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێره‌وه‌ گه‌ڕێندراوه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی په‌نابه‌ره‌ گه‌ڕاوه‌كانی ئه‌وروپاش رایگه‌یاند، هێشتا دوو کۆچبەری دیکەی کورد بێسەروشونن.

ئێوارەی ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ (15ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایری 2023)، تەرمی دوو کۆچبەر به‌ناوه‌كانی (زانا قادر و زریان محه‌ممه‌د)، دوای هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێره‌وه‌ گەڕێندرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

ئه‌و دوو كۆچبه‌ره‌ كورده‌، له‌‌ رۆژی (1ـی تشرینی دووه‌می 2022) له‌ كه‌ناراوه‌كانی ئێفیای یۆنان ته‌رمه‌كانیان له‌لایه‌ن پۆلیسی یۆنانه‌وه‌ دۆزرانه‌وه، كه‌ بەهۆی تێکشکانی یەختەکەیانەوە لە کەناراوەکانی ئه‌و وڵاته‌ خنکابوون.

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان، (زانا قادر) كه‌ یەکێکه‌ لە قوربانییەکان، ته‌مه‌نی 41 ساڵه‌ و خەڵکی شارۆچکەی پیره‌مه‌گروونه‌ و قوربانییەکەی دیکەش (زریان محه‌ممه‌د) ته‌مه‌نی 30 ساڵه‌ و خەڵکی شارۆچکەی قه‌ڵادزێیه‌، دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی ته‌رمه‌كانیان له‌لایه‌ن كه‌سوكاریانه‌وه‌ له‌ ناوچه‌كانی خۆیان به‌خاك ده‌سپێردرێن.

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌، بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا راگەیاند، هێشتا دوو کۆچبەری دیکەی کورد بێسەروشونن و ته‌رمه‌كانیان نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌.

سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا روونیكرده‌وه‌، ئه‌و یه‌خته‌ كه‌ 70 كۆچبه‌ری له‌خۆگرتبوو دوای تێكشكانی، 58 كۆچبه‌ر بێسه‌روشوێن بوون، كه‌ چواریان كۆچبه‌ری كوردبوون و تاوه‌كو ئێستا هه‌ریه‌كه‌ له‌ عه‌بدولره‌حمان حه‌میدی ته‌مه‌ن 18 ساڵی خه‌ڵكی رانیه‌ و یوسف سه‌میع كانه‌بی ته‌مه‌ن 19 ساڵ و خه‌لكی شاری هه‌ولێر، ته‌رمه‌كانیان نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌.

میدیا مەگەزین

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button