وەزیرى دارایی و ئابووریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رەزامەندى لەسەر داواکارییەکانى نوێنەرى خۆپیشاندەرانى پێنجوێن دەدات و رایگەیاند، هەر داواکارییەک لە چوارچێوەی یاسا و رێنمایی و دەسەڵاتەکانیاندابێت جیبەجێیان دەکات.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه (26ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایری 2023)، ئاوات شێخ جەناب، وەزیرى دارایی و ئابووریى حکومەتى هەرێمی كوردستان، لەمیانی پێشوازیكردن لە نوێنەری خۆپیشاندەرانی قەزای پێنجوێن، جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌كرده‌وه، لە سنوورى پارێزگای سلێمانى کێشەى کەمی داهات بەربەستی بۆ خزمەتگوزارییەکان دروستکردووە.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری، نوێنەری خۆپیشاندەران، یاداشتێکی هەشت خاڵییان پێشکەش بە وەزیری دارایی و ئابووری کردووه كه کێشەکانی (تەندروستی، رێگاوبان، کارەبا، ئاو، پەروەردە و خوێندن) سنوورهكهیانی له‌خۆگرتبوو.
له‌لایه‌ن خۆیەوە، ئاوات شێخ جه‌ناب، ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، هەندێکى چارەسەرى بۆ كه‌موكوڕییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان لە دەرەوەى تواناى حکومەتى هەرێمە بەهۆى ئەو گەمارۆیەى لە (2013)ەوە خراوەتە سەر هەرێم.
هه‌روه‌ها وه‌زیری دارایی و ئابووری جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌كردووه‌ته‌وه، گرفتی كه‌می داهات لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى رەنگى داواتەوە لە ئاستى خزمەتگوزارییەکان و قه‌زای پێنجوێنیش بەشێکە لەو شوێنانەى گرفتى بۆ دروستبووە.
میدیا مەگەزین