ماوەی دوو رۆژە هەڵمەتێک بۆ دەستگیرکردنی ئەندامانی هێزەکەی لاهور جەنگی دەستی پێکردووەو فەرمانی دەستگیرکردنیان لە لایەن دادوەرەوە بەفەڕمی دەرکراوە.
شەوی ڕابردوو لە شاری هەڵەبجە هێزێکی تایبەتی ئاسایش کەسایەتییەکی نزیک لە لاهور جەنگی بەناوی ئاکۆ نامیق فەرەج نەورۆڵی دەستگیرکردووە.
بەپێی زانیارییەکان دەستگیرکردنی ئەو کەسایەتییە، پەیوەندی بەو هەڵمەتەوە هەیە کە بۆ دەستگیرکردنی ئەندامانی هێزەکەی لاهور جەنگی دەستی پێکردووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار رایگەیاند تەنیا لە هەڵەبجە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ١٢ کەسی دیکە دەرچووە.
هاوکات لە شاری سلێمانی هەوڵی دەستگیرکردنی پلەدارێکی ناو هێزی دووپشکی لاهور جەنگی درا بە ناوی رەنجە شێخ خالید بەڵام دەستگیر نەکرا.
هێزەکەی لاهور جەنگی بە هێزی دوو پشک ناسراوە، ژمارەیان نزیکەی ٢٠٠ کەس دەبێت و چەک و جلوبەرگی تایبەتیان بۆ ئامادە کراوە.