کوردستانگرنگ

رادیۆی دەنگی ئەمریكایە، یان دەنگی دژ بە پارتی و حكومەتی هەرێم؟

سەهین موفتی

دوێنێ لە (بەشی كوردیی رادیۆی دەنگی ئەمریكا!) كە چەند ساڵێكە دەبوا ناوەكەی لەبری (دەنگی ئەمریكا) بگۆڕدرێت بە (بەشی كوردیی رادیۆی دەنگی دژ بە پارتی و حكومەتی هەرێمی كوردستان) راپۆرتێك لەبن مانشێتی ”بۆچی پێشوازیی هەولێر لە یاریزانانی عێراق بووە جێی مشتومڕ؟“ بڵاو كراوەتەوە، پێم خۆش بوو، ئەم وتارە بكەمە دەرفەتێك و هەم لەبارەی پەیام و ئاڕاستەی بەشی كوردیی ئەم رادیۆیە، بنووسم و هەمیش لەبارەی ناوەڕۆكی ژەهراویی راپۆرتەكە ئەم (بەناو رۆژنامەنووس و میدیاكارەی!) لەم راپۆرتەدا قسەیان كردووە، بەرچاو روونییەك بدەم بە خوێنەرانی ئازیز.

سەرەتا، حەز دەكەم بە هەموو خەڵكی كوردستان و بەم بەڕێزانەش كە سپۆنسەری (بەشی كوردیی رادیۆی دەنگی ئەمریكا)ن بڵێم: ئەم رادیۆیە كە بە حیساب دەبێ ئەمریكی بێت و بێلایەن بێت بۆ گوێگر و خوێنەری كورد، زۆر لەمێژە ئەم خەسەڵەتەی لەدەست داوە، ئێوە لەوە گەڕێن كە كەمترین خەڵكی كورد گوێگر و بینەر و خوێنەری بابەتەكانی بەشی كوردیی ئەم رادیۆیەن و رادیۆكە بەهۆی ئەو ئاڕاستەكردنە سیاسییەی لەنێو كوردستانەوە بۆی دیاری كراوە! و بەهۆی ئەو بابەتە پووچ و بێمانایانەی دەیانكاتە كەرەستەی میدیایی، سەنگ و قورساییەكی لەنێو خەڵكی كوردستاندا نەماوە، بەڵام كارەسات لەوەدایە، هەموو ئەم توانا دارایی و میدیاییەی بۆی فەراهام كراوە، چڕی كردووەتەوە لە دژایەتیكردنی پارتی و حكومەتی هەرێمی كوردستاندا.

جا سەیر ئەوەیە كەسیش ناپرسێت بۆچی و لەپای چی ئەركی هەرە سەرەكیی ئەم بەشەی ئەم رادیۆیە، بووەتە دژایەتیكردنی پارتی و حكومەتی هەرێمی كوردستان؟ بۆچی زۆربەی هەرە زۆری كارمەندەكانی ئەم بەشەی ئەم رادیۆیە و ئاخێوەرەكان بۆ ئەم رادیۆیە، دژ بە پارتی و دژ بە حكومەتی هەرێمی كوردستانن؟ ئەگەر مەسەلە پەرەپێدانی ئەم دیموكراسییەتەیە كە بانگشەی بۆ دەكرێت! خۆ هەر پارتی و حكومەتی هەرێم، دەزگا و ئۆرگان نیین لە هەرێمی كوردستاندا، ئێ دە جارێكیش رەخنەیەك لەم هەموو حیزب و ئۆرگان و گرووپ و بزاڤە خواروخوێچانە بگرن كە لە هەرێمی كوردستاندا، سەدان هەڵە و تاوان و تیرۆر و گەندەڵی و كاری نابەجێیان هەیە.

بەڕاست بەلای ئێوەشەوە سەیر نیە، هەموو جارێك دەمێ كێشە لەنێوان پارتی و حكومەتی هەرێم لەلایەك و حەشدی شەعبی و هێزە وەلائییەكانی بەغدا، لەلایەكی ترەوە دێتە ئارا، بەشی كوردیی رادیۆی دەنگی ئەمریكا! دەچێتە سەنگەری حەشد و وەلائییەكانەوە؟ بەلاتانەوە سەیر نیە دەمێ حیزبە ئیسلامییەكانی كوردستان، دژایەتیی پارتی و حكوومەتی هەرێم دەكەن، بەشی كوردیی رادیۆی دەنگی ئەمریكا! دەبێتە مینبەر بۆ ئیسلامییە توندڕەوەكان لە دژی پارتی و حكومەت؟ سەیر نیە كە هەموو دەمێ كە ململانێی نێوان یەكێتی و پارتی توند دەبێتەوە، بەشی كوردیی رادیۆی دەنگی ئەمریكا! سەنگەری یەكێتی لە دژی پارتی هەڵدەبژێرێت؟ بەلاتانەوە سەیر نیە، لە كاتێكدا كە پەكەكە لە (لیستی رەشی تیرۆری)ی رۆژئاوادایە، بەشی كوردیی رادیۆی ئەمریكا، هاوشێوەی هەر میدیایەكی پەكەكە دژی پارتی و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەدوێت و دەنووسێت؟ بەلاتانەوە سەیر نیە، كە بەشی كوردیی رادیۆی دەنگی ئەمریكا، دەبێتە هاوسەنگەری شاسوار عەبدولواحید و هاسەنگەری بەرهەم ساڵح و هاوسەنگەری هەموو هێزگەل و گرووپێك، تەنیا بۆ ئەوەی دژایەتیی پارتی و حكومەتی هەرێمی كوردستان بكات؟

دێمە سەر ناوەڕۆكی راپۆرتەكەی دوێنێیان كە ئەمە بوو: ”بۆچی پێشوازیی هەولێر لە یاریزانانی عێراق بووە جێی مشتومڕ؟“ جارێ پێش هەموو شت، ئایا لەنێو ئەم هەموو كێشە گەورەیەی نێوان دادگای فیدراڵی و دەسەڵاتدارانی بەغدا لەگەڵ حكومەتی هەرێم و لەنێو كێشەی دینار و دۆلار و لەنێو كێشەی سەرهەڵدانەوەی داعش و دەیان كێشەی تردا، بەشی كوردیی رادیۆی دەنگی ئەمریكا، خەمی پێشوازیكردن یان نەكردن لە یاریزانانی عێراق لە هەولێری بەلاوە گرنگترە؟ ئایا بەدەستهێنانی جامی كەنداوی عەڕەبی هێندە گرنگە بۆ عێراقێكی وێران و نغرۆی هەزاران كێشەی گەورە؟ ئەگەر ئەم راپۆرتە لەبەر خاتری خاتران و بۆ دژایەتیی پارتی و حكومەتی هەرێم نیە، بۆ چییە؟

پاشان سازنەدانی ئاهەنگی پێشوازیكردن لە یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق لە هەولێر، پەیوەندیی چیە بە سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە؟ کە لەم كاتەدا لە داڤۆس بوو و سەرقاڵی دیدار و كۆبوونەوەی گرنگ بوو لەگەڵ سەركردەكانی جیهان؟ هەر بەڕاستی ئەگەر بەشی كوردیی رادیۆی دەنگی ئەمریكا! بە هەمان ئاڕاستەكردن و سیاسەتی پەیجە لابەلا و بێ دایك وباوكەكانی سلێمانی كار ناكات، ئایا (دیدارەكانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە داڤۆس، پرسی غاز و نەوتی هەرێم، كێشە دەستوورییەكانی دادگای فیدراڵی و… هتد) دەبێ بابەتی ئەم رادیۆیە بن، یان كێشەی ئاهەنگی پێشوازیكردن لە هەڵبژاردەی عێراق؟

سەیر لەوەدایە، بەشی كوردیی رادیۆی دەنگی ئەمریكا، لەم راپۆرتەدا لێدوانی لە دوو (بەناو رۆژنامەنووسی بێلایەن!) وەرگرتووە كە هەردووكیان لەنێو هەموو میدیاكاراندا بەوە ناسراون كە قەڵەمفرۆش و ویژدانفرۆشن، جیاوازییان لەگەڵ رۆژنامەنووس و میدیاكارە حزبییەكاندا تەنها هێندەیە: رۆژنامەنووسە حزبییەكان تەنها پارە لە حزبەكانی خۆیان وەردەگرن، بەڵام ئەم (بەناو رۆژنامەنووسە بێلایەنانە!) كە بۆ بەشی كوردیی رادیۆكە لەم راپۆرتەدا قسەیان كردووە، ژێر بەژێر پارە لە بەرپرسانی هەموو حیزبەكان وەردەگرن!

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button