یاسین مەحموود، خاوەنی گرووپی کۆمپانیای بەڕێز رایگەیاند، بڕی 10 ملیۆن دینار بە دیاری دەداتە هەر کەسێک، کە بتوانێت ئەو مێرمنداڵەی کەسنەزان بدۆزێتەوە کە ماوەی حەوت رۆژە چووەتە دەرەوە و، تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنە.
رۆژی سێشەممە، 31-1-2023، مەلا یاسین مەحموود، سەرمایەداری دیار و خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی بەڕێز کە هاوکات گوتەبێژی یەکێتیی وەبەرهێنەرانی کوردستانیشە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، “بەدیار راپۆرتێکی کەناڵی رووداوەوە دانیشتبووم لەبارەی ئەو منداڵەی کە لە هەولێر ماوەی حەوت رۆژ دەبێت بێسەروشوێنە، بەڕاستی چیرۆکی منداڵەکە زۆر کاریگەریی لەسەرم دروستکرد، یەکەم لەبەر ئەوەی مێرمنداڵە، دووەم لەبەر ئەوەی نەخۆشە.”
ئەو سەرمایەدارە لەبەر ئەو دوو هۆکارە دەڵێت، “بڕیارمدا وەکو ئەرکێکی ئایینی و نیشتمانی هەرکەسێک ئەو مێرمنداڵە بە کەسوکار و خانەوادەی شادبکاتەوە، بڕی 10 ملیۆن دیناری پێببەخشم.”
مەلا یاسین گوتیشی: “ئێستا گەنجێکی زۆر هەن بێکارن دەتوانن بڕۆن و بەدوای ئەو منداڵەدا بگەڕێن کە جگە لەوەی ئەرکێکی مرۆیی و ئاینیی گەورە بەجێدەگەیێنن و رەزامەندیی خوا بەدەستدەهێنن، دیارییەکەی ئێمەش بە سوپاسەوە پێیاندەدرێت، بە جیددی ئەو چیرۆکە زۆر کاریگەریی لەسەرم جێهێشتووە.”
هەفتەیەکە مێرمنداڵێک بە ناوی ئەیوب ئەحمەد سەعدووڵا، تەمەن 13 ساڵ لە گەڕەکی کەسنەزانی نوێ (قەرەبوو)ـی شاری هەولێر چووەتە دەرەوە و نەگەڕاوەتەوە. تیمەکانی بەرگریی شارستانی و دامەزراوەکان بەدوایدا دەگەڕێن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ سەرەداوێکیان دەستنەکەوتووە.
پارێزگاری هەولێر و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتوونەتە سەر هێڵ و تیمەکانی بەرگریى شارستانى، ئاسایش، تیمەکانى فڕۆکەوانى، یەکەى K9ـى وەزارەتى پێشمەرگە و پۆلیسى ناوچەکە سەرقاڵی گەڕانن بە دوای مێرمنداڵەکە.
میدیا مەگەزین