کوردستانگرنگ

وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان تیمی فریاگوزاری بۆ باکوری کوردستان و تورکیا نارد

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، تیمەکانی فریاگوزاری، پزیشکی فریاکەوتن و ژمارەیەکی زۆر لە پزیشکانی پسپۆڕ و کارمەندانی تەندروستی و ئەمبوڵانس لەگەڵ بڕێکی زۆری پێداویستی پزیشکی بەڕێککەوت بۆ تورکیا بەمەبەستی بەهاناوەچوون و پشتیوانی قوربانییانی بوومەلەرزەکە. 

وەک لە راگەیێندراوێکی وەزارەتی تەندروستییدا هاتووە، ناردنی تیمەکان لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بووە.

هاوکات ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە رووداوی راگەیاند، ئامادەیی خۆمان بۆ هەموو هاوکارییەک بەپێی توانا دەربڕیوە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بە یەک پاکێج و بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران هاوکارییەکان دەگەیێنێتە تورکیا.

بەرەبەیانیی رۆژی دووشەممە، بەڕێوەبەرایەتیی کارەسات و باری لەناکاوی تورکیا ناسراو بە ئافاد بڵاویکردەوە، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.7 پلەی رێختەر شاری مەرەشی باکووری کوردستانی هەژاند. بوومەلەرزەکە زۆربەی ناوچەکەی گرتەوە، هەروەها کاریگەریی گەورەی لەسەر رۆژئاوای کوردستان و سووریاش هەبوو. بەپێی دوایین ئامار (کاژێر 18:00) 1498 کەس لە تورکیا و باکووری کوردستان گیانیان لەدەستداوە و 8 هەزاری دیکەش بریندارن. 

لە سووریا و رۆژئاوای کوردستانیش نزیکەی 900 کەس گیانیان لەدەستداوە.

دوای سێ خولەك لە بوومەلەرزەكەی شاری مەرەش و کاژێر 04:20، لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان هەستی پێكرا، كە گوڕەکەی 4.7 پلە بوو پێوەری رێختەر. 

لە هەولێر بوومەلەرزەکە بە تەواوی هەستی پێکرا و بەهۆیەوە خەڵکێکی زۆر و بەتایبەت دانیشتووانی کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوون لە باڵەخانەکان هاتنە دەرەوە. ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، “خەڵکێکی زۆر هەستیان بە بوومەلەرزەکە کرد، بەتایبەت دانیشتووانی کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوون؛ سوپاس بۆ خودای گەورە، هیچ زیانێکی گیانی و ماددی نەبووە.” 

میدیا مەگەزین

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button