گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەوە لە باکووری کوردستان، تورکیا، رۆژئاوای کوردستان و سووریا بۆ 33 هەزار و 179 کەس بەرزبووەوە. نەتەوەیەکگرتووەکانیش هۆشداری دەدات کە دەکرێت ژمارەکە دوو هێندەی لێ بێت.
رۆژی یەکشەممە 12-2-2023، سەرۆکایەتیی کارەسات و باری لەناکاوی تورکیا – ئافاد بڵاویکردەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەی رۆژی دووشەممەی رابردوو لە باکووری کوردستان و تورکیا گیانیان لەدەستداوە بۆ 29 هەزار و 605 کەس بەرزبووەتەوە. هەر لە ئەنجامی بوومەلەرزەکە 80 هەزار و 276 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا برینداربوون.
ئەوەی کە پەیوەندی بە رۆژئاوای کوردستان و سووریاوە هەیە، بەگوێرەی ئامارەکان، 3 هەزار و 575 کەس گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی سووریا، هەزار و 408 کەس لەوان لەو ناوچانە گیانیان لەدەستداوە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتدان؛ هاوکات 2 هەزار و 167 کەس لەو ناوچانە گیانیان لەدەستداوە لە ناوچەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتن.
زۆرترین گیانلەدەستدان لە هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان تۆمارکراوە کە لەژێر کۆنترۆڵی ژمارەیەک گرووپی چەکداری نزیک لە تورکیادایە. بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، نزیکەی 800 کەس لە هەرێمی عەفرین گیانیان لەدەستداوە کە نزیکەی 700 کەسیان لە شارۆچکەی جندرێس بوون. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، نزیکەی 310 هاونیشتمانی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان ناویان لەنێو لیستی گیانلەدەستداوان تۆمارکراوە.
ئەوە لە کاتێكدایە، مارتن گریفیس، یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان رۆژی شەممە، 11ـی شوباتی 2023 هۆشداریدا لە بەرزبوونەوەی ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەی 6ـی شوباتی 2023 و رایگەیاند، 50 هەزار کەس تێدەپەڕێنێت.
میدیس مەگەزین