ئەو بوومەلەرزانەی چەند رۆژی رابردوو لە ناوچەكانی باكوور و رۆژئاوای کوردستان، توركیا و سووریای دا، بووە هۆی كەوتنەوەی كارەساتێكی مرۆیی گەورە، بابەتێكی هێناوەتە پێش؛ ئەویش ئەوەیە كە ئەوە بەهۆی تووڕەیی خوایە لە بەندەكانی و تۆڵەیان لێدەكاتەوە! لێرەوە جێی خۆیەتی بپرسین: هەر بەڕاستی بوومەلەرزە بەهۆی تووڕەیی خوایە لە مرۆڤ و بەوشێوەیە تۆڵەی سەرپێچییان لە فەرمانەكانی دەكاتەوە؟
ئەو وڵات و شوێنانەی زۆرترین بوومەلەرزە تێیاندا روودەدات
هەموو شوێنێكی جیهان ئەگەری ئەوەی هەیە بوومەلەرزە تێیدا رووبدات، بەڵام لەسەر گۆی زەوی هەندێك شوێن ئەگەری روودانی بوومەلەرزە تێیاندا زۆر زیاترە لە شوێنی دیكە. بەگوێرەی پەیمانگەی جیۆلۆجیی بەریتانی و پەیمانگەی ئەمریكی بێت، سێ پشتێن هەن زۆربەی بوومەلەرزەكان تێیاندا روودەدەن، ئەوانیش: پشتێنی ئاگرین یان بازنەی ئاگر (Ring of Fire) كە دەكەوێتە لێواری زەریای هێمن و زیاتر لە 80%ـی بوومەلەرزەكان لەوێ روودەدەن. ئەو پشتێنە لە باكوورەوە لە چیلییەوە درێژ دەبێتەوە بە درێژایی زەریای هێمن بۆ ئەمریكای باشوور و مەكسیك لە ئەمریكای باكوور، بە كەناراوەكانی رۆژئاوای ئەمریكادا تێپەڕ دەبێت بەرەو بەشەكانی باشووری ئالاسكا، درێژ دەبێتەوە تا دوورگەكەكانی ئەلوتیان لە زەریای هێمن، ژاپۆن، فلیپین، گینیای نوێ، هەندێك دوورگەی باشووری رۆژئاوای زەریای هێمن و نیوزلاندیش دەگرێتەوە.
پشتێنی ئەلبی پلەی دووەمی گرتووە لەو ناوچانەی زۆرترین بوومەلەرزە تێیاندا روودەدەن، ئەو پشتێنە 15 هەزار كیلۆمەتر درێژ دەبێتەوە، جاوە، سۆمەترە، بە ئاراستەی زەریای ئەتلەسی لەگەڵ نیمچە دوورگەکانی هیندی و چینی لەخۆدەگرێت، لەناو چیاكانی هیمالایا، ئێران، قەوقاز، ئەنازۆل، دەریای سپی ناوەڕاستدا تێپەڕ دەبێت، 17%ـی بوومەلەرزەكان لەو ناوچانە روودەدەن كە پلەی دووەمیان گرتووە لە زۆریی بوومەلەرزە لە ئاستی جیهان.
پشتێنی ناوەڕاستی ئەتڵەسی، سێیەم شوێنە كە زۆرترین بوومەلەرزە تێیاندا روودەدەن، ئەو ناوچەیە كەوتووەتە ژێر ئاو و ئاوەدانی لێی نزیك نییە، بەڵام ئایسلاند راستەوخۆ كەوتووەتە سەر ئەو شوێنە.
بوونی ئەو سێ ناوچەیە لەسەر نەخشەی ناوچە گەرمەكانی بوومەلەرزە مانای ئەوە نییە كە لە شوێنی دیكەی جیهان ئەو رووداوە روونادات، بەڵكو لە هەر ناوچەیەكی دیكەی جیهان ئەگەری روودانی بوومەلەرزە هەیە. ئەو پێنج وڵاتەی زۆرترین بوومەلەرزە تێیاندا روودەدات، بەگوێرەی پێگەی (worldatlas) بریتین لە: چین، ئێندۆنیزیا، ئێران، توركیا و ژاپۆن.
بەداخەوە كە زۆرجار ئەو بوومەلەرزانە كارەساتی مرۆیی گەورە بەدوای خۆیاندا دێنن، بۆ نموونە ساڵی 2005 نزیکەی 70 هەزار كەس بەهۆی بوومەلەرزەوە لە پاكستان گیانیان لەدەستدا. لە ساڵی 2004یش لە ئیندۆنیزیا تسۆنامی روویدا و بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 230 هەزار كەس.
بەگوێرەی توێژینەوەیەكی جۆڕنالی (ساینس ئەدڤانسز- Science Advances ) كە رۆژی 6ی نیسانی 2022 بڵاوبووەتەوە، دەركەوتووە بەهێزترین بوومەلەرزە لە مێژووی مرۆڤایەتی پێش 3800 ساڵ روویداوە، ئەو بوومەلەرزە كە لە وڵاتی چیلی داوە بە پلەی 9.5 پلەی رێختەر بووە، لەدوای خۆی كارەساتی گەورەی جێهێشتووە، بەهۆی بەهێزی و كاریگەرییەكەی؛ كەناراوەكانی باكووری چیلی دووهەزار مەتر لەسەر لێواری دەریا بەرزبوونەتەوە. ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی خەڵك نەچێتەوە ئەو ناوچەیە بۆ ژیان تا دوای هەزار ساڵ كە بە درێژترین كۆچ دادەندرێت كە بەهۆی بوومەلەرزەوە کرابێت.
بۆچی باسی ئەو ناوچە جوگرافی و وڵاتانە دەكەم كە زۆرترین بوومەلەرزە تێیاندا روو دەدات؟
چونكە ئەو بابەتە بەشێكی گرنگە لە وەڵامی ئەو پرسیارەی سەرەوە. ئایا بوومەلەرزە تۆڵە و تووڕەیی خوایە؟
یەكێك لەو رستە زۆرانەی بەزوویی بڵاوبووەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان گوتەی مامۆستایەكی بانگخواز بوو كە دەڵێت: “بوومەلەرزە لەهەر شوێنێك بدات واتە زینا زۆرە لەو شوێنە”. بانگخوازێكی دیكە دەڵێت: “خوای گەورە بوومەلەرزە بۆ ترساندن دەنێرێ، فەرمانی خوایە لە شیرینی خەودا ماڵ و شوقە و ڤێلاكان دەڕووخێنێ بەسەر ئەوانەی خەریكی فەساد و كوفر و بەدڕەوشتین”.
ئەمانەی سەرەوە زادەی هزری خاوەنەكانیان نین بەتەنیا، بەڵكو رەگ و ریشەیان لە سەرچاوەكانی موسڵماناندا هەیە.
بوومەلەرزە لە قورئاندا
قورئانی پیرۆز باسی بوومەلەرزەی كردووە، لە باسكردنیدا چەمكەكانی (الزلزلة، زلزال الأرض، الرجفة) وەك گوزارشت لە زەوی لەرزین بەكارهاتووە، لە هەموو ئەو شوێنانەدا هیچ ئاماژەیەك نییە بەوەی خوا تووڕە بووبێت یان لەبەر ئەوەی زینا و بەدڕەوشتی زۆر بووبێت ئەویش وەك تۆڵە بوومەلەرزەی ناردووە بۆ ئەوەی بیانترسێنێت و تۆڵەیان لێ بكاتەوە، بەڵكو خوا ئەو چەمكانەی لە كاتی وێناكردنی هاتنی رۆژی دوایی و كۆتاییهاتنی سیستمی دونیادا بەكارهێناوە، هەڵبەت بوومەلەزرەكانی ئێمە ئەو جۆرە نین كە خوا لە قورئاندا باسی كردوون.
لە فەرموودەكانی پێغەمبەردا -د.خ- لەوبارەوە فەرموودەیەك زۆر دەهێندرێتەوە ئەویش بریتییە لەوەی محەممەد كوڕی عەبدولمەلیك دەگێڕێتەوە و دەڵێت: ( إن الأرض زلزلت على عهد رسول الله صلى الله عليه وسلم، فوضع يده عليها ثم قال: اسكني فإنه لم يأن لك بعد، ثم التفت إلى أصحابه، فقال : إن ربكم يستعتبكم فأعتبوه) رواه ابن أبي الدنيا في “العقوبات” (رقم/18). واتە: بوومەلەرزە روویدا لەسەردەمی پێغەمبەر -د.خ- پێغەمبەریش -د.خ- دەستی لەسەر زەوییەكە دانا و فەرمووی: هێمن و جێگیر بە هێشتا كاتت نەهاتووە، ئینجا رووی وەرگێڕا بۆ هاوەڵەكانی و فەرمووی: خوداتان گازاندەتان لێدەكات و ئاگادار بن.
پێویستە بەرلەوەی پشت بەو فەرموودەیە ببەسترێت، بەدواداچوون بۆ راستی و دروستیی فەرموودەكە بكرێت، زانایانی فەرموودەناس لەوبارەوە ئەو فەرموودەیە بە پشتڕاستنەکراوە دەزانن، هاوكات جەختیش لەسەر ئەوە دەكەنەوە هیچ فەرموودەیەكی پشتڕاستکراوە نییە ئەوە بسەلمێنێت كە لە سەردەمی پێغەمبەر -د.خ- بوومەلەرزە روویدابێت. لەبەر ئەوە ناتوانرێـت پشتی پێ ببەسترێت.
هەر لە فەرموودەدا زۆربوونی بوومەلەرزە وەك یەكێک: لە نیشانەكانی هاتنی رۆژی دوایی ئەژمار كراوە، پێشەوای فەرموودە بوخاری، لە ئەبوو هورەیرەوە دەگوازێتەوە كە پێغەمبەر -د.خ- فەرموویەتی: (لاتقوم الساعة حتى يقبض العلم وتكثر الزلازل ويتقارب الزمان وتظهر الفتن ويكثر الهرج وهو القتل وحتى يكثر فيكم المال فيفيض). بەگوێرەی ئەو فەرموودەیەش دیارە كە زۆربوونی بوومەلەرزە یەكێكە لە نیشانەكانی هاتنی رۆژی دوایی. بە گەڕانەوە بۆ قورئانی پیرۆز، دەتوانین لەو فەرموودەیەش تێبگەین كە بابەتەكە پەیوەستە بە هاتنی قیامەت نەك شتێكی دیكە، هاوكات زانای واش هەیە بوومەلەرزە لەو فەرموودەیە و هاوشێوەكانیدا بە بوومەلەرزەی مەعنەوی، واتە زۆربوونی ناخۆشی و شەڕ و ئاشووب لێكدەداتەوە، بەو پێیەی ئەو شتانەش مرۆڤ رادەچڵەكێنن.
یەكێكی دیكە لەو دەقانەی لەو چەند رۆژەی رابردوودا زۆر بەرگوێمان كەوت رووداوێكی سەردەمی پێشەوای دووەمی موسڵمانان عومەری کوڕی خەتابە، ئیبن ئەبی شەیبە لە كتێبەكەیدا (المسند) لە سەفیەی كچی ئەبی عوبەیدەوە دەڵێت: (زلزلت الأرض على عهد عمر حتى اصطفقت السرر وابن عمر يصلي فلم يدر بها ولم يوافق أحدا يصلي فدرى بها، فخطب عمر الناس، فقال: أحدثتم لقد عجلتم، قالت: ولا أعلمه إلا قال: لئن عادت لأخرجن من بين ظهرانيكم). بەگوێرەی ئەو گێڕانەوەیە كە بوومەلەرزە روویداوە، پێشەوا عومەر چووەتە سەر مینبەر و گوتاری داوە بۆ خەلك و هۆشداری پێداون ئەگەر بوومەلەرزە رووبداتەوە شارەكە جێدەهێڵێت. ئەمەیش وەك هەڕەشەیەك بۆ ئەوەی واز لە تاوان بێنن و بگەڕێنەوە بۆ لای خوا، بەڵام بەگوێرەی فەرموودەناسەكان ئەو دەقە پشتڕاستنەکراوەتەوە، چونكە لە رووی ستانداردی زانستیی فەرموودەناسیدا مەرجەكانی فەرموودەی پشتڕاستکراوەی تێدا نییە. بڕوانە: (كتاب الميزان 4/ 431).
بوومەلەرزە، تۆڵە و توڕەیی خوا نییە
ئەوەی بە روونی لای من دیارە ئەوەیە كە بوومەلەرزە هیچ ئاماژە نییە یان بەهۆی تووڕەیی خواوە نییە، تۆڵەكردنەوەشی نییە لە مرۆڤەكان، بەو بەڵگانەی خوارەوە:
یەكەم: هیچ بەڵگەیەكی روون نییە لە قورئانی پیرۆزدا ئەوە بسەلمێنێت.
دووەم: هیچ فەرموودەیەكی راست و دروستی پێغەمبەریش –د.خ- نییە تا لەوبارەوە پشتی پێببەستین، چونكە ئەو دەقانەی بە روونی ئاماژە بە بوونی بوومەلەرزە دەكەن بەهۆی بڵاوبوونەوەی زینا و خراپەكاری لە رەوشتی مرۆڤەكاندا، راست و دروست نین تا بەو شێوەیە بەشێك لە مامۆستا و بانگخوازەكانمان پشتی پێببەستن، لەبەر ئەوەشە شێخی ئەزهەر و عەلی سیستانی، لێڤەگەڕی باڵای شیعەكانی عێراق لە بڵاوكردنەوەكانیاندا هیچ ئاماژەیەكی لەو شێوەیەی تێدا نییە كە خوا تووڕەیە و غەزەبی گرتووە و بە بوومەلەرزە تۆڵە دەكاتەوە.
سێیەم: ئەگەر ئەو میتۆدە راست با ئەوە دەبوو زۆربەی ئەوانەی دەبوونە قوربانی خەڵكی بێباوەڕ بن نەك موسڵمان، كەچی ئێستا بەپێچەوانەوە قوربانییەكان زۆرینەی رەها موسڵمانن، ئێ خۆ بەپێی دەقە شەرعییەكان بێباوەڕی و هاوبەشدانان بۆ خودا زۆر تاوانەكەی گەورەترە لە زینا و خراپەكاری رەوشتی!
چوارەم: ئەگەر ئەوە راست بێت كە دەڵێن بەهۆی توڕەیی خوایە لە بەندەكانی، ئەوە -پەنا بەخوا- خوایەكی ستەمكارە، چونكە ئەو هەموو منداڵە بێگوناهە خۆ هێشتا تەكلیفی لەسەر نییە تا حیساب و كیتابی لەگەڵ بكرێت و خوا لێیان تووڕە بێت و سزایان بدات.
پێنجەم: ئەو خەڵكانەی كە بوونەتە قوربانی و گەیشتوونەتە (بلوغ) و تاوانبار نین، باشە ئەوانە بۆ سزا بدرێن بەهۆی تاوانی خەڵكێكی خراپەكار؟ ئەوە پێچەوانەی ئەو ئایەتەیە كە خوا دەفەرموێت: (ولا تزرو وازرە وزر أخری) واتە: كەس قورسایی تاوانی كەسێكی دیكە هەڵناگرێت، بەڵكو هەر كەسە و سزا دەدرێت لەسەر ئەو تاوانەی كە خۆی كردوویەتی نەك كەسێكی دیكە.
شەشەم: دەیان دەق لە قورئان و فەرموودەدا هەن دووپاتی ئەوە دەكەنەوە خوا بە رەحم و بەزەییە، لێبوردەیە، بەڵام بەڕاستی ئەو تێگەیشتنە نیمچە باوەی كە پێیوایە خوا تووڕەیە و وەك تۆڵە ئەوەی كردووە، وێنای خوایەكی دیكە دەكێشن كە پڕیەتی لە قین، خوایەك رقێكی ئەستووری هەیە تا ئەو هەموو كاولكارییە بێنێتە مەیدان! هەڵبەت پەنا بەخوا كە خوا دوورە لەو وێنایە.
حەوتەم: ئەو تێگەیشتنەی ئەوانە دەبێتە هۆی تێكگیرانی ئیسلام و زانست، چونكە زانست پێشكەوتووە و هۆكاری بوومەلەزرەمان پێدەڵێت، ئەوانیش شتێكی دیكە دەڵێن، كەواتە تێگەیشتنەكەی ئەوان پێچەوانەی زانستە نەك ئیسلام، چونكە ئیسلام هەمیشە لەگەڵ زانستە و هیچ كاتێك زانستی سەلمێندراو پێچەوانەی ئیسلام نییە.
بوومەلەرزە و بێباكیی مرۆڤ
لە راستیدا بوومەلەرزە لەبری ئەوەی تووڕەیی خوا بێت، نیشانەی بێباكیی مرۆڤەكانە، بێباكی لە هەمبەر ژیان، خوا، راستی، پاراستنی ژیانی یەكتر.. هتد.
ئاخر بە بوومەلەرزەدا دەردەكەوێت ئەوانەی شەو و رۆژیان بۆ مزایەدە تەرخانكردووە كەچی رەوشی تەلارسازی و بیناسازی وڵاتەكانیان بەرگەی كەمترین مەترسی ناگرێت! لە كۆتاییدا هیچ رێگرییەك نییە لەوەی مرۆڤ پەند و ئامۆژگاری لەو رووداوانە وەربگرێت و پێداچوونەوە بەشێوازی ژیان و ئامادەكاریەكانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی كارەساتی لەو شێوەیە بكات، واز لە گەندەڵی بێنێت لە بنیاتنان، هەوڵ بدات نوێترین تەكنەلۆژیای سەردەم لە ژیاندا بەكاربێنێت، سنوورێك دابنێت بۆ ئەو هەموو دەستدرێژییەی دەیكاتە سەر ژینگە، واز لە خراپەكاری بێنێت.
د. ئادەم بێدار