بەهۆی کەمتەرخەمیان و هەبوونی بەرپرسیارییەتی لە دروستکردنی باڵەخانەکان، وەزارەتی دادی تورکیا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ 113 بەڵێندەری دیکە دەرکردووە.
دەسەڵاتدارانی تورکیا بەدوای ئەو کەسانەدا دەگەڕێن کە بەرپرسیار بوون لە داڕمانی باڵەخانەکان لە بوومەلەرزە وێرانکەرەکاندا کە هەفتەیەک لەمەوبەر روویدا.
لەو چوارچێوەیەشدا، فوئاد ئۆکتای، جێگری سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، لایەنە پەیوەندیدارەکان ناسنامەی 131 گومانلێکراویان دەستنیشانکردووە کە رەنگە بەرپرسبن لە داڕمانی باڵەخانەکان لە بوومەلەرزە وێرانکەرەکە.
جێگری سەرۆککۆماری تورکیا گوتیشی: لەو گومانلێکراوانە، 113 کەسیان فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە.
موراد قوروم، وەزیری ژینگەی تورکیا رایگەیاند، ژمارەی ئەو باڵەخانانەی بەهۆی بوومەلەرزە وێرانکەرەکەوە زیانی زۆریان بەرکەوتووە، گەیشتووەتە 24,921 باڵەخانە.
دوای هەفتەیەک لە روودانی یەکەم بوومەلەرزە لە تورکیا، باکووری کوردستان، سووریا و رۆژئاوای کوردستان، ژمارەی گیانلەدەستدان 33 هەزار کەسی تێپەڕاند.
میدیا مەگەزین