محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە پشت بەستن بە کارنامەی حکومەتەکەی، ژمارەیەک رێکاری بۆ پشتیوانی لە توێژی خانەنشینان دەردەکات، ھەر خانەنشینێک زەوی وەرنەگرتبێت زەوی پێدەدرێت، لەگەڵ وەرگرتنی یەکەم مووچەی خانەنشینیش پاداشتی ساڵانی خزمەتی بۆ خەرج دەکرێت.
بەپێی راگەیەندراوێکی نوسینگەکەی سودانی، بڕیاریشیداوە بڕی ٥٠٠ ھەزار دینار بۆ فەرمانبەر خەرجبکرێت لە رۆژی دەستھەڵگرتنی لە فەرمانگەکەی، مۆڵەتە کەڵەکەبووەکانی دوای دەستھەڵگرتن بەنەقدی پێدەرێت، شەش مانگ پێش خانەنشینبوونی ھەر فەرمانبەرێکیش مامەڵەی خانەنشینبوونەکەی دەستپێدەکات تاکو ھیچ دواکەوتنێک لە رێوشوێنەکاندا روونەدات، گەرەنتی پێدانی مووچەی خانەنشینی بکرێت لەکاتی خۆیدا.
ھەر بەپێی بڕیارەکان، ساڵانە یەکجار بۆ گەشتکردن لە ھێلی ئاسمانی عێراق داشکاندنی بە رێژەی ٢٥% بۆ خانەنشینان دەکرێت، ئەولەیەت دەدرێتە خانەنشینان بۆ چارەسەر لە دەرەوە لەسەر ئەرکی دەوڵەت.