کوردستانگرنگ

چەتۆ ساڵح هەڕەشە لە بافڵ تاڵەبانی دەکات

بریکاری وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هۆكاری هەوڵەكانی بافڵ تاڵەبانی، لە دژی ئەو و هەڵكوتانە سەر خانەوادەكەیان، لە كاتی ئاهەنگی مارەبڕینی كوڕەكەی، ئاشكرا دەكات.

چەتۆ ساڵح، بریکاری وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: “ئەوەی بۆ من پشتڕاست بووەتەوە، نيازێك هەبووە بۆ چاودێریکردنی ماڵەکەم و دواتر ئەو ماڵە بەڕێزەی خزمایەتیمان لەگەڵ کردوون، لە کاتی پرۆسەی مارەبڕین و شەکراوخواردنەوە، بۆ هەڵکوتانە سەر ماڵەکەشم، پێم وایە مادام چاودێریی کراوین.

راشیگەیاند، پێدەچێت وەها نیەتێک هەبووبێت، بەڵام من پێشبینیی ئەوەم نەدەکرد کە نەریتێکی وا لە حزبەکەمدا هەبێت و هەموو سنوورەکان ببەزێنن، ئێستا کوڕەکەم هێناوەتەوە بۆ هەولێر، بۆ ئەوەی کێشە دروست نەبێت، خۆشم جارێ ناگەڕێمەوە سلێمانی و رەچاوی بارودۆخەکە دەکەم.

ئەوەشی خستەڕوو، لە لایەک لەبەر هەستیاریی پێگەکەی خۆم، لەلایەکی دیکەش بۆ ئەوەی ئەو كەشەی لە سلێمانی هەیە، حەز ناکەم بە بۆنەی منەوە شت دروست ببێت و دواجار تەشەنە بکات بۆ حاڵەتی نەخوازراو، چونکە من کەسێکی ئاسایی نیم، هەم پلە و پایەم هەیە، هەم پێگەیەکی کۆمەڵایەتییم هەیە، هەم ئەندامی سەرکردایەتیی ئەو حزبەم و ئێستاش لە مەوقیعی ناڕازییەکانم لەناو حزبەکەمدا.“

چەتۆ ساڵح ئاماژە بەوەش دەکات کە : ”من و کاک شۆڕش ئیسماعیل و چەند کاکێکی دیکەیان نەویست، چونکە ئێمە نەچووینە نێو ئاراستەی هەندێک کار کە دژی قەناعەت و بيركردنەوه و شوناسی كەسێتیمانە، نەمتوانی بەو ئاقارەی ئەوان، بە ویست و خواستی ئەوان کار بکەم و بە قسەم نەکردوون، چونکە پابەندم بەم حکومەت و پەرلەمانەی کە بە خوێنی شەهیدەکانمان دروست بووە و پشتی تێ ناکەین.“

بریکاری وەزارەتی ناوخۆ باس لەوەش دەکات، کە وەک حکوومەت و کەسانی پرۆفیشناڵ، دەبێ بێین هەڵەکان راست بکەینەوە، دەشڵێ: ”باشە چۆن دەبێ من جێگری وەزیری ناوخۆم، بڕۆم مخالەفە بکەم و دژی یاساکانی خۆم بم؟“

چەتۆ ساڵح روونیشی کردەوە، لەپێناو پاراستنی ئاهەنگی کوڕەکەی و تاقە براکەیدا، نەیتوانیوە بەشداریی خۆشیی کوڕەکەی بێت، گوتیشی: ”لەبری خۆم سەباحی برام و ئاواتی کوڕم بۆ ئاهەنگەکەی هادیی کوڕم بەشدارییان کرد، بەڵام بەداخەوە تینووەکانی شەڕ و ئاژاوە و هێزەکانی سەر شەقامی قیر و نیروی تازەنەفەس، قوڕمیش کراون و پڕ کراون لە باڵانس و وەحدە، هەروەها خراونەتە حاڵەتی شپرزەیی و پەلەقاژە و چاودێری، لەلایەکی دیکە، هێز جووڵاندن و هەوڵدان بۆ تێکدانی بۆنەکە و ئازاردانی کوڕەکەم، بەم جۆرە مێژوویەکی رەش بخەنە تۆمارە پڕ لە شەرمەزارییەکانیان.“

چەتۆ ساڵح، بریکاری وەزارەتی ناوخۆ گوتیشی: “بەڵێنم بە کوڕەکەم دا، کە کاتی خۆی هات، ئەم غەدرانەی دەکرێن، بە دەستێکی پۆڵایین تۆڵەیان دەکرێتەوە.“

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button