
ئەندامێكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، قوباد تاڵەبانی لە لایەكەوە لە ڕێی میدیای حزبەكەیەوە هەوڵی نەهێشتنی متمانەی خەڵك بە حكومەت دەدات و لە لایەكی دیكەش بانگەشەی دروستكردنی ئەو متمانەیە دەكات، ئەمەش بە ”نیشانەی سەرلێشێوان و سەرگەردانی“ وەسف دەكات.
ئەمڕۆ شەممە 11ی ئاداری 2023، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان كە پێنج مانگە لە حكومەت تۆراوە و ڕێگەش بە تیمی یەكێتیی نیشتمانیی كودستان نادات بەشداریی لە كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیراندا بكەن، بانگەشەی پرۆژەیەكی تازەی كرد بە ناوی (یەكپەنجەرە) گوایە بۆ ئەوەیانە متمانە لە نێوان خەڵك و حكومەت دروست بكەنەوە.
لە بەرمبەردا سەعید هەركی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: ”قوباد تاڵەبانی لە حاڵەتێكی سەیری سەرگەردانی و سەرلێشێواندا دەژیت، لە لایەكەوە بایكۆتی كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانی كردووە، هەروەها میدیاكانی یەكێتی كە بە دڵنیاییەوە لەژێر فەرمانی ئەو و براكەی دان، هەرچەندی لە توانایاندایە هەوڵی نەهێشتنی متمانەی خەڵك بە حكوومەتەكەیان دەدەن، كەچی لە لایەكی دیكەشەوە بانگەشە بۆ پرۆژەی تایبەت بە دروستكردنەوەی متمانە دەكەن، ئەمە خۆی لە خۆیدا سەرگەردانییە.“
ڕوونیشی كردەوە كە قوباد تاڵەبانی و یەكێتی ئەگەر دەیانەوێ خەڵك متمانەی بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بێت، پێویستە واز لە تاڵانكردنی داهاتی سلێمانی و داڵدەدانی تیرۆریستان بهێنن و بگەڕێنەوە بۆ زمانی لۆژیك و پشتیوانیكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كۆتایی بەم مافیاگەرییە بهێنن كە لە سایەیاندا لە سلێمانی دەكرێت، ”ئەگینا مافی ئەوەمان هەیە بڵێین كە ئەگەر هەر هاووڵاتییەك لە كوردستان متمانەی بە حكوومەت لەق ببێت، هۆكارەكەی یەكێتی و سەركردەكانی ئەو حزبەیە كە لە دوای 8ی تەمووزەوە بافڵ و قوباد تاڵەبانی بەزەبری هێز دەستیان بەسەردا گرتووە.“
جەختی لەوەش كردەوە: ”دڵنیاین لەوەی خەڵكی كوردستان متمانەیان بە حكوومەتی خۆیان هەیە و پێیانوایە تەنیا حكوومەت دەتوانێت لەم دۆخەی كە یەكێتی خولقاندوویەتی، ڕزگاریان بكات.“