
کەشناسی هەرێم هۆشداری لەبارەی هاتنی شەپۆڵێکى بارانبارین بڵاوکردەوە.
بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی، کە سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، رایگەیاند، کاریگەرى نزمە پاڵەپەستۆى تورکیا روو لە ناوچەکەمان دەکات، بە هۆیەوە شەپۆلێکى بارانبارین تەواوى ناوچە جیاجیاکانى هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
بەرێوبەرایەتییەکە ئاماژە بەوەش دەکات، لە ماوەى کاریگەرى ئەم شەپۆلە، ئاستى دابارین لە تەواوى ناوچە جیاجیاکانى هەرێم بەرێژەى مامناوەند و هەندێ کات لێزمە باران دەبێت، لەگەڵ هەورە تریشقە.
جەختیش لەوە دەکاتەوە، زۆرترین رێژەى بارانبارینش لە سنوورى پارێزگاى دهۆک و ناوچە شاخاوییەکان و قەزاو ناحییەکانى پارێزگاکە دەبێت، بە بەراورد بە ناوچەکانى دیکە.
هۆشداریش دەدات، کە لەکاتى دابارین پێشبینى بەرزبوونەوەى ئاستى ئاو دەکرێت.
ئاماژە بەوەش دەکات کە کاریگەرى ئەم شەپۆلە تا رۆژى (پێنجشەممە 16 ئادار) درێژدەبێتەوە و باران لەناوچەى جیاجیا بەرێژەى کەمتر دەبارێت، لەگەڵ هاتنى بارستە هەوایەکى سارد، بەمەش پلەکانى گەرما بۆ (4-6 ) پلە نزمدەبێتەوە و ئەگەرى بارینى تەزرەش هەیە، لەکاتەکانى ئێوارەدا کاریگەرى ئەم شەپۆڵە کۆتاییدێت .