کوردستانگرنگ

گەنجێک لەسەر 800 هەزار دەکوژرێت

دوای 10 رۆژ لە دیارنەمانی، ئەمڕۆ تەرمی گەنجێک لەنێو بیرێکدا دۆزرایەوە کە لە لایەن دوو هاورێیەوە کوژراوە.

رۆژی سێشەممە 2023/3/14 عامر شوانی، وتەبێژی پۆلیسی کەرکووک رایگەیاند، 10 رۆژ پێش ئێستا خێزانێک پۆلیسی کەرکووکیان لە دیارنەمانی کوڕەکەیان ئاگادارکردووەتەوە، لەسەر داوای ئەوان تیمێکی تایبەت لە پۆلیس و هەواڵگری پێکهێندراوە و سەرەتا توانیویانە تۆمەتبارانی رووداوەکە بدۆزنەوە.

عامر شوانی راشیگەیاند، تیمی پۆلیس و هەواڵگری لە رێگەی پەیوەندییەکانی مۆبایلی کوژراوەکە و کامێراکانی چاودێرییەوە توانیویانە بگەنە دوو کەس کە دوایینجار لەگەڵ کوژراوەکەدا بوون. گوتیشی، “ئەو دوو کەسە هاوڕێی کوژراوەکەن، دوای ئەوەی دانیان بە تاوانەکەیاندا نا، ئەمڕۆ تیمێک چوونە شوێنی تاوانەکە و لە گەڕەکی رەحیماوا و لە بیرێکی زێرابدا تەرمەکەیان دەرهێنا.”

وتەبێژی پۆلیسی کەرکووک دەڵێت، دوای کوشتنی گەنجەکە هەردوو تۆمەتبار ئۆتۆمبێلی کوژراوەکەیان بردووە و لە یەکێک لە شارەکانی هەرێمی کوردستان فرۆشتوویانە.

لەبارەی هۆکاری تاوانەکەوە، گوتەبێژی پۆلیس ئاماژەی بەوەکرد، “هاوڕێی یەکدی بوون، لەسەر قەرزی نزیکەی 800 هەزار سەرەتا بووە بە دەمەقاڵێیان، دواتر یەکێک لە کوڕەکان چەقۆکەی لێداوە، دوای ئەوە کوڕەکەی دیکە گولـلەیەکی پێوە ناوە و کوشتوویەتی و تەرمەکەیان لەو بیرەدا شاردووەتەوە.”

کوژراوەکە دانیشتووی گەڕەکی رەحیماوای کەرکووک بووە، عامری شوانی دەڵێت، قوربانی و تۆمەتبار هەموویان کوردن.

تەرمی گەنجەکە رەوانەی دادپزیشکیی کەرکووک کراوە، گوتەبێژی پۆلیس گوتی، رەنگە تەرمەکە بۆ زانینی هۆکاری راستەقینەی مردنەکەی رەوانەی دادپزیشکیی بەغداش بکرێت.

هەردوو تۆمەتبار بە گوێرەی مادەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستبەسەرکراون، ماددەکە تایبەتە بە کوشتنی بە ئەنقەست و بە گوتەی پۆلیسی کەرکووک، “ئەگەر هەیە هەردوو تۆمەتبار لەسێدارە بدرێن.”

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button