
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند، سبەی کەشوهەوا سەقامگیر دەبێت و لە بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکانی هەولێر بارانی پچڕ پچڕ دەبارێت.
وتیشی: “رۆژی هەینی هاوشێوەی زستان سەرما هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و پلەی گەرما 6 بۆ 10 پلەی سیلیزیی بەراورد بە ئەمڕۆ دادەبەزێت؛ لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر دەبارێت و بەرەبەیانیی رۆژی شەممە ئەگەر هەیە لە سەنتەری سلێمانیش پرووشە بەفر ببارێت.”
ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ هاتنی سەرمادا رۆژی هەینی بارانی پچڕ پچڕ دەبارێت. گوتیشی، شەپۆلەکە رۆژی شەممە کاریگەریی نامێنێت و تەنیا هەوای سارد دەمێنێت، رۆژی یەکشەممە دۆخەکە سەقامگیر دەبێت و پلەی گەرما روو لە بەرزبوونەوە دەکات.
هەروەها بەگوێرەی راگەیێندراوی ئەمڕۆی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ لە سنووری پارێزگای دهۆک لێزمە باران دەبارێت و هەورە برووسکەی لەگەڵدا دەبێت. هەروەها ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ یەک بۆ دوو پلە، پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە و خێرایی با لەسەرخۆ و مامناوەند دەبێت.
بەگوێرەی پێشبینی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو بۆ پێنجشەممە لە کوردستان بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت:
هەولێر؛ 20 پلەی سیلیزی
سلێمانی؛ 15 پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 16 پلەی سیلیزی
کەرکووک؛ 22 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە؛ 17 پلەی سیلیزی
زاخۆ؛ 17 پلەی سیلیزی
سۆران؛ 18 پلەی سیلیزی
گەرمیان؛ 23 پلەی سیلیزی