
ئەرکی 125 سەربازی هۆڵەندی بۆ پاراستنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کۆتاییهات و بڕیارە ئەم هەفتەیە بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.
رۆژی 30ی نیسانی 2023 وەزارەتی بەرگریی هۆڵەندا لە بەیاننامەیەکدا کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی 125 سەربازی وڵاتەکەی بۆ پاراستنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر راگەیاند، بڕیاریشە هەفتەی داهاتوو سەرجەم ئەو سەربازە هۆڵەندییانە بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان و ئەرکی پاراستنی فڕۆکەخانەی هەولێر بە سەربازانی ئیستۆنی دەسپێردرێت.
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی هۆڵەندا هاتووە، هێزەکانیان ئەرکی پاراستنی فڕۆکەخانەکەیان لە کانوونی دووەمی 2021ـەوە پێسپێدراوە بە هاوبەشی لەگەڵ هێزە کوردییەکان و هێزەکانی ئەمریکای هاوپەیمانیان.
وەزارەتی بەرگریی هۆڵەندا، دەڵێت، “ئەرکی سەربازەکان بریتی بووە لە پشکنینی خەڵک و کاڵاکان، لەگەڵ چاودێریکردنی نێو بنکە ئاسمانییەکە و دەروازەکەی، هەروەها هێزەکە مەشقیان بە هێزە کوردییەکان کردووە.”