
دوای ساڵێك لە كاركردنی بەردەوام ئەمڕۆ دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت لەنێوان هەرێمی كوردستان و توركیا بە فەرمی دەكرێتەوە.
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، راگەیاند: ئەمڕۆ چوارشەممە 10/5/2023، لە رێوڕەسیمێكی فەرمیدا و بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و توركیا، بە فەرمی سنووری نێودەوڵەتیی زێت بەڕووی گەشتیاراندا دەكرێتەوە.
گوتیشی: لە قۆناغی داهاتوودا هەوڵدەدەن رێگاوبانەکانی دەروازەکە باشتر بکەن، كار بۆ ئەوە دەكرێ تێیدا بزاڤی بازرگانی وەگەڕ بخرێت.
ئاماژەی وەوەشکرد: لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە جدی کاردەکرێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بازرگانی، سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش پێگەیەکی گرنگی ستراتیژییە بۆ ئەو مەبەستە و هاوسنوورە لەگەڵ هەردوو وڵاتی تورکیا و ئێران، بە کردنەوەی دەروازەی نێودەوڵەتی زێت ئاستی بازرگانی لە سنوورەکە بە گشتی و مێرگەسۆر بەتایبەتی دەچێتە قۆناغێکی دیکە.
دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت، دەكەوێتە سنووری ناحیەی شێروان مەزن، لە قەزای مێرگەسۆری سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و دەبێتە دەروازەیەکی نوێی نێودەوڵەتی لەنێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا.