
وەزارەتی پەروەردە: لەوانەیە تۆمەتباری رووداوەکەی هێرشکردنە سەر مامۆستاکەی هەولێر پلەی مامۆستایەتی لێ بسەندرێتەوە
رۆژی چوارشەممە 10/5/2023، سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاند: لەسەر راسپاردەی ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەر ئاستی گشتیی پەروەردەی پارێزگای هەولێر پێکهێندراوە و خودی بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی پارێزگای هەولێر سەرۆکی لیژنەکەیە و سەرپەرشتیی کاروبارەکانی دەکات، هاوکات نوێنەری یاسایی و سەرپەرشتیارییش لەناو ئەو لیژنەیەدا هەن.
سامان سیوەیلی ئاماژەی بەوەشکرد، هەر کاتێک لێکۆڵینەوەکان تەواوبوون، بۆیان دیاردەبێت، کامە لایەن تۆمەتبار و کەمتەرخەم بووە و هەر کەسێکیش دەرکەوت تۆمەتبارە لەم بابەتەدا، بێگومان سزای ئیداری توند دەدرێت، تەنانەت لەوانەیە سزاکە بگاتە ئاستی لێسەندنەوەی پلەی مامۆستایەتی یان گواستنەوەی بۆ قوتابخانەیەکی دیکە، هەڵبەتە کۆمەڵێک رێکاری کارگێری دیکە هەن دەتوانین دواتر بیانگرینەبەر.
رۆژی سێشهممه 9ـی ئایاری 2023، مامۆستایەکی شاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دوو مامۆستای دیکەی بەوە تۆمەتبار کرد، كه هێرشیان کردووەتە سەری و ئازاریان داوە و راگەیاند، دوو مامۆستاكه لە قوتابخانەکەی داوای پرسیارەکانییان لێکردووە و بەهۆی ئەوەی ئەو پێی نەداون، هێرشیان کردووەتە سەری و ئازاریان داوە.