کوردستانگرنگ

ماددەیەکی یاسایی ڕەنگە کورد بکاتە کەمینە لە کەرکوک

مەترسی هەیە مادەی 13 لە یاسای هەڵبژاردنی عێراق کورد بکاتە کەمینە لە کەرکوک.

مادەی 13 لە هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق تایبەتە بە کەرکوک. ئەم مادەیە لە دوو بەش پێکدێت، بەشی یەکەمی سێ خاڵە و بەشی دووەمی یەک خاڵە. کورد پێیوایە هەردوو بەشەکەی ئەم مادەیە نا دەستورییە و بە زیانی کورد دەشکێتەوە.

بەپێی برگەی (ئەلیف)ی بەشی یەکەمی یاساکە، تۆماری ساڵی 1957 دەکرێتە بنەمای وردبینی تۆماری دەنگدەران، کە ناحیەکانی زاب و سەرگەران لە یاساکەدا جیاکراونەتەوە و دانیشتوانەکانیان لە سنوری کەرکوک دەنگ دەدەن.

برگەی (ب) ی بەشی یەکەمی مادەی 13ی هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکان تایبەتکراوە بەو ئاوارە گەڕاوانەی کە مادەی 140 گرتوونیەتییەوە و زۆربەیان کوردن، کە دەبێت وردبینی لە تۆماری ناوەکانیان بکرێت. کورد وردبینیکردن لە تۆماری ئاوارە گەڕاوە کوردەکان بە بڕوا نەبوون بە مادەی 140 و لیژنەی جێبەجێکردنی مادەکە لێکدەداتەوە
.
هەروەها بەپێی برگەی (جیم) ی مادەی 13، ئەو خێزانانەی پێش ساڵی 2003 فۆرمی خۆراکیان کەرکوک بووە دەتوانن دەنگ بدەن، با ناویشیان لە تۆماری ساڵی 1957 دا نەبێت. بەبڕوای لایەنە کوردییەکان ئەمە رەخساندنی دەرفەتە بۆ عەرەبە هاوردەکان تا دەنگ بدەن و هەوڵێکە بۆ زیادکردنی دەنگی عەرەب لە کەرکوک.

بەپێی ئامارێکی بەشی هەڵبژاردنی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی، لە ساڵی 1997 و لە سەردەمی رژێمی بەعس دا ژمارەی کورد لە کەرکوک 155 هەزار و 861 کەس بووە و تەنها 21% دانیشتوان بووە، هەروەها ژمارەی تورکمان 50 هەزار و 99 کەس بووە، لەکاتێکدا ژمارەی عەرەب 544 هەزار و 596 کەس بووە کە دەکاتە 72%ی دانیشتوانی کەرکوک.

مەسعود مەلا پەروێز، وتەبێژی لقی کەرکوکی پارتی، ڕایگەیاند، “لە کەرکوک هەمیشە ستەم لە کورد کراوە، ئەگینا بۆ یاسای تایبەت بە کەرکوک دەردەکرێت، با خەڵکی شارەکە ئازادانە دەنگی خۆی بدات وەکو پارێزگاکانی تری عێراق.”

هەروەها وتیشی، “کورد دەبێت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەیەک لیست دابەزێت تا ببینە زۆرینە. گەر پارچە پارچە بین لە سایەی یاساکەدا زەرەر دەکەین.”

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button