
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان سایلۆکان بەڕووی جووتیاران دا دەکاتەوە و نرخی تەنێک گەنمیشی دیاریکرد، بەمەش جوتیارانی کوردستان دەتوانن گەنمەکانیان رادەست بکەن.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەری گشتیی بازرگانیی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: رۆژی پێنجشەممە ٢٥ـی ئایاری ٢٠٢٣، سایلۆکان بۆ ڕادەستکردنی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی جوتیاران بەڕووی جوتیاراندا دەکرێنەوە.”
سەبارەت بە نرخەکەشی رایگەیاند: ئەمساڵ بۆ هەر تۆنێک گەنم بڕی ٨٥٠ هەزار دینار بە جوتیاران دەدرێت، ئەمەش دوای ئەوەی گەنمەکە نموونەی لێ وەرگیرا و لە پشکنینەکان دەرچوو، وە ئەمساڵ، ٣٧٥ هەزار تۆن گەنم لە سنووری پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێن.
بەڕێوەری گشتیی بازرگانیی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ٤٠ ملیار دینار خراوەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، ئەمساڵ چەند ڕۆژێک دوای وەرگرتنی گەنم لە جوتیاران، چەکی پارەیان پێدەدرێت.