رێککەوتنێکی نوێ لەسەر پشکی هەرێم لە بودجەدا کرا
شەوی ڕابردوو لەبەغدا رێککەوتنێکی نوێ لەسەر پشکی هەرێم لە پرۆژە یاسای بودجەدا کرا.
هەرێمی کوردستان و هاوپەیمانی پێکهێنەری دەوڵەت لەسەر پشکی هەرێم گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی نوێ.
شەوی رابردوو لە شاری بەغدا کۆبوونەوەیەک لە نێوان شاندی هاوپەیمانی پێکهێنەری دەوڵەت و شاندی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.
کۆبوونەوەکە لە ماڵی فوئاد حوسێن بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنى پارتى لە بەغدا بەڕێوەچووە، بەپێی زانیارییەکان هەردوولا گەیشتوونەتە رێککەوتن لەسەر هەردوو ماددەی ١٣ و ١٤ی پڕۆژەیاساکە تەنیا داڕشتنی کۆتایی ماوە تا لە لیژنەی دارایی پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت.
لە کۆبوونەوەکەدا لەبارەى هەناردەکردنى 400 هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانەى هەرێمى کوردستان، هەردوولا رێککەوتن کە بە هەماهەنگی لەنێوان هەولێر و بەغدا لە رێگەى کۆمپانیاى سۆمۆ بێت.
هەروەها رێککەوتن لەسەر ئەوەشکراوە، دەسەڵاتى مامەڵەکردن بە پارەى داهاتى نەوتى هەرێمى کورستان لە هەژمارێکى بانکى تایبەتدا بە هەماهەنگی بێت لەنێوان هەردوو حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى.