
بە بۆنەی دامەزراندنی یەکێتی لە پەیامێکیدا مەلا بەختیار، هۆشداری لە دۆخی خراپی حزبەكە دەدات و رایدەگەیەنێت كە ئەو دۆخە مەترسیدارە، بە پینەوپەڕۆ و بەڵێنی بریقەدار و گۆڕینی دەمامكەكان، ڕاناگیرێت.
مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) نووسینێكی بە ناونیشانی (ساڵڕۆژی یەکێتی و یەکێتی بەرەو کوێ؟) نووسیەتی یەكێتی ”لە دامەزراندنی حكوومەتێكی دادپەروەر و سیستەمێكی هاوچەرخ و پاراستنی جیاوازییە چینایەتی و فەلسەفەی سیاسییدا، بە كردەوە نەك هەر سەرنەكەوت، بەڵكوو پاشەكشەیەكی ترسناكیش ڕووی داوە.“
جەختیشی كردووەتەوە كە: ”یەكێتی، سەرەڕای ئەوەی لە پارەوە، بە چڕی هەوڵی داوە وای پیشان بدات کە غەدر لە سلێمانی دەکرێ، بۆیە دۆخی ئابووری و سیاسیی دەڤەری سەوز خراپە، بەڵام ئەم هەوڵ و پاساوە، هەستی رای گشتیی سەبارەت بە پێگەی یەکێتی، خراپتر نەکردبێ، چاکتر نەکردووە.“
ئەوەشی نەشاردووەتەوە كە ” یەکێتی، لێوانلێوە لە نیگەرانی و ناڕەزایی کە چیتر ئەو دۆخە مەترسیدارە، بە پینەوپەڕۆ، یان بە سازدانی فێستیڤاڵی (دیدار) و بەڵێنی بریقەدار و گۆڕینی دەمامکەکانی، ئەم دۆخەی یەکێتی ڕاناگیرێ.“
لە كۆتاییشدا هۆشدارییە هەرە مەترسیدارەكەی بۆ دۆخی یەكێتی داوە و دەڵێت: ”ئەم وتارە پەیامی بەندەیە. لەوپەڕی پەرۆشیمەوە نووسیومە، ئەوەی تێدەگات خزمەتی یەکێتیی پێدەکات، ئەوەی تێشی ناگات، لە یادی ئاڵتوونیی (50) ساڵەی یەکێتیدا، ئیتر ئیرادەی چارەسەرکردنی کێشەکانی یەکێتی لەدەست دەدرێت.“