بەهۆی گرێبەستەکانی لەگەڵ سعوودیە، ئێران غاز و کارەبای لە عێراق دەبڕێت
شارەزایانی كەرتی وزە پێیانوایە، ئێران وەكوو وڵات و میلیشیاكان لە عێراق، ڕێگە بە حكوومەتی عێراق نادات لە هەژموونی ئێران دەربچێت.
ئەمرۆ شەممە ٣/٦/٢٠٢٣ ئەحمەد مووسا، گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی رایگەیاند: دابینكردنی غازی ئێران 20 ملیۆن مەتر سێجا كەمی کردووە و بەمەش شەش هەزار مێگاوات كارەبا كەم بۆتەوە، هۆكارەكەش وەستانی تەواوەتیی دابینكردنی غازی ئێرانە بۆ ناوچەی باشوور بە بڕی 10 ملیۆن مەتر سێجا و بۆ ناوچەی ناوەڕاستیش 10 ملیۆن مەتر سێجا.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی کارەبا راشیگەیاند: “هۆكاری ئەو كێشەیە، قەرزەكانی غازی ئێرانییە، كە بەهۆی سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر تاران ئەستەمە لە لایەن بانكی بازرگانی عێراقەوە خەرج بكرێت.”
هەفتەی ڕابردوو، حكوومەتی عێراق بۆ بەرهەمهێنانی زیاتر لە 400 ملیۆن پێ سێجا غاز، بۆ دابینکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا، ڕێككەوتنێكی لەگەڵ كۆمپانیای ئارامكۆی سعوودی واژۆ کرد، بەڵام ڕێككەوتنەكە تووڕەبوونی ئێرانی لێ کەوتەوە و ئەو غازەی پێشتر لە ئێرانەوە ڕەوانەی عێراق دەكرا، بەشێوەیەكی بەرچاو كەم کرایەوە، ئەوەش كاریگەریی لەسەر كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی كارەبا لە عێراق كرد.