
ئاسایشی هەولێر تۆمەتبارێک دەستگیر دەکەن کە کاری کرین و فرۆشتنی چەکی بێ مۆڵەتی دەکرد لە جۆری (دەمانچەی تورکی) کە ئەم جۆرە دەمانچەیە بەپێی یاسا قەدەغەیە و ڕێگەپێدراو نییە.
ئێوارەی ئەمرۆ یەکشەممە ٤ی ٦ی ٢٠٢٣، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند: “بە پلانێکی تایبەت، تیمەکانمان توانییان تۆمەتبارێک بە بڕیاری بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر دەستگیر بکەین کە کاری کرین و فرۆشتنی چەکی بێ مۆڵەتی دەکرد لە جۆری (دەمانچەی تورکی) کە ئەم جۆرە دەمانچەیە بەپێی یاسا قەدەغەیە و ڕێگەپێدراو نییە.”
ڕاشیگەیاند: “داوا لە دانیشتوانی خۆشەویستی شاری هەولێر دەکەین، بە تایبەتیش دایکان و باوکانی بەڕێز، ئەوەیان لەبەرچاو بێ کە ئەم جۆرە دەمانچانە جێگای مەترسین و بەداخەوە لەدەرەوەی یاسا، لە لایەن هەندێک کەسی لە یاسادەرچوو کاری کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێت. بۆیە ئەگەر لەم جۆرە دەمانچانە لای رۆڵەکانتان هەیە، بۆ پاراستنی گیانیان و دوورخستنەوەیان لە ئەنجامدانی تاوان، داواکارین سەردانمان بکەن و ئەو جۆرە دەمانچانەمان ڕادەست بکەن یاخود ئاگادارمان بکەنەوە، بە پێچەوانەوە هەر کەسێک لەم جۆرە دەمانچانەی لابێت یان چەکی بێ مۆڵەت هەڵبگرێت، دەستگیر دەکرێت و ڕووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.”



