
“یەكێتی لە رێی میدیاكانییەوە دەیەوێ كەیسی گیانلەدەستدانی گەنجێك بە ناوی (زیرەك عەلی) لەنێو بنكەی ئاسایشی سەیداوا بە لاڕێدا ببات، یەکێتی دەیەوێت لەڕێگەی ئەو کارانەیەوە کارە تیرۆرستیەکانی خۆیان پەردەپۆش بکەن.”
بارزان قەساب، بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر رایگەیاند: ”ئەو كەیسە دوێنێ بووە، ئەو كوڕە وا دیارە لە ماوەی رابردوو چووەتە سەر خەڵك و كێشەی هەبووە، داوا كراوە بێتە بنكەی ئاسایش تاكو بزانرێت كێشەكەی چییە؟ لە كاتی لێكۆڵینەوەدا باری تەندروستی تێكچووە، یەكسەر رەوانەی نەخۆشخانە كراوە، بەڵام گیانی لەدەست داوە. دواتر رەوانەی پزیشكی دادوەری كراوە.“
روونیشی كردەوە كە پاش ئەوەی كەسوكاری گەنجە كۆچكردووەكە داوایان كردووە لێژنەیەكی پزیشكی لە سلێمانییەوە بێت و لێكۆڵینەوە لە بابەتەكە بكات، ”ئێمەش رێگەمان پێ داون و لێژنەكە ئەمڕۆ هاتوون، چاوەڕێین راپۆرتی خۆیان بخەنەڕوو. دواتر ئێمەش بەیاننامەمان دەبێت.“
بارزان قەساب جەختی كردەوە: ”ئەو كەسە نەك ئەشكەنجە نەدراوە، بەڵکو قسەیەكی رەقیشی لەگەڵدا نەكراوە، پێشمان گوتوون ئاساییە لێژنەی پزیشكی لە سلێمانی بێت، تەنانەت ئاساییە ئەگەر لە بەغداش بێت، بە بەڵگەی ڤیدیۆیی هەموو شتێكمان لایە.“
هەروەها بارزان قەساب گوتی: ”یەكێتی ئەگەر بیەوێ کارە تیرۆریستییەکانی خۆی بەم بابەتە پەردەپۆش بكات ئەوا بێ سوودە، و ئێمە كاری نایاسایی لە كەس قبووڵ ناكەین. ئەگەر یەكێتی چاوی لەوە بێت كادیرانی لە هەولێر بە پاساوی بابەتی حزبایەتییەوە كێشە بۆ خەڵك دروست بكەن، لێیان قبووڵ ناكرێت. لەبارەی سكاڵاكەشیان، ئاساییە یەكێتی سكاڵا لە دژی ئاسایش تۆمار بكات، دادگا هەیە و باشترین شتیشە، چونكە بابەتەكە زیاتر روون دەبێتەوە.“