پرۆژەیاسای بودجە و فراوانبوونی دەستەی حەشدی شەعبی
مەترسی ڕاستەقینە لەسەر قەوارەی هەرێم، بە تونێلی پەسەندکردنی بودجەدا ناڕوات، گۆڕین و زیادکردنی بڕگەیەک و دوان، لە مادەکانی پڕۆژەیەکی کەم تەمەنی سێ ساڵە، کەساڵێکی ڕۆشتوە، هێندە قورس و گران نیەو تێدەپەڕێ بۆ کورد، ئەوەی مەترسییە بۆسەر قەوارەی دەستوریی هەرێم گەورەبوون و فراوانبوونی ساڵ بەساڵ و سات بەساتی هەژموونی دەستەی حەشدی شەعبیە، بۆنمونە ئەمساڵ بە بڕی ٪٢٦ بودجەیان بۆ زیادکراوە بەشێوەیەکی خەیاڵی، لەگەڵ دامەزراندنی ١١٦،٠٠٠ هەزار کارمەندو سەربازی نوێ لە ٢٠٢٣ دا، ئێستا ڕێژەکەیان هەڵکشاوە بۆ ٢٣٨،٠٠٠ سەربازی تفەنگ بەدەستی فیدائی و گوێقوڵاخ بۆ فەتوایەکی دینی و نەفیرعامێک دژی کوردستان لەکاتێکدا لە ٢٠٢٠ دا ڕێژەکەیان تەنها ٤٨،٠٠٠ سەربازی سادەبوون.
بۆیە برەودان بەو فەزا عەسکەری و لۆژیکەی دەوڵەتی قووڵی مەزهەبی لەناو بودجەدا گەورەترین مەترسییە بۆ سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان. بودجەو یاساو دەستور، وەرەقەو تیۆرێکی بێمانایە لەبەردەم مەنزومەی عەسکەری و لۆژیکی داگیرکاریی و فاشیزمدا.
ئاسۆ عەبدوللەتیف