
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەن و ئادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی حکومەت، “ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان داوا لە حکومەتی عێراق دەکات کە لە کاتی جێبەجێکردنی بڕگە و مادەکانی بودجە لە دوای کەوتنە بواری جێبەجێکردنی، پێداچوونەوە بکات بە بڕگە و مادە هەموارکراوەکان کە تاوەکو چەند لەگەڵ کارنامەی حکومەتی فیدراڵ دەگونجێن و تاچەند شایانی جێبەجێکردنن و پێویستە میکانیزمی شیاو بە ئاراستەی خەرجکردنی شایستەکانی هەرێم دابنرێت و هەر رێکارێکی جیاکاری لە دژی هەرێمی کوردستان رەتدەکەینەوە”.
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، “هەرێمی کوردستان پابەندییە دەستورییەکانی خۆی بەجێگەیاندووە و هیچ بیانوو و پاساوێکیش بۆ هەر رێکارێکی جیاکاریی بەرامبەر هەرێمی کوردستان نەماوە، بە تایبەتیش پاساوی نەوت کە پێشتر هەمیشە دەکرایە بیانوو بۆ نەناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و بێبەشکردنی لە شایستە داراییەکانی، بۆیە ئێستا ئەرکە لەسەر حکومەتی فیدڕاڵی، یاسای بودجە جێبەجێ بکات و تەواوی شایستە داراییەکانی هەرێم خەرج بکات لە پێش هەمووشیەوە تەرخانکراوی خەرجی مانگانەی مووچەی مووچەخۆران و فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم و هێزەکانی پێشمەرگە بە گوێرەی ئەو ژمارانەی لە ناو خشتەکانی بودجەدا جێگیرکراون لە دوای جێبەجێکردنی یاسای بودجە.”



