
رۆژی چوارشەممە 6/21، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبووەوە.
لەیەکێک لە بڕگەکانی کۆبونەوەکە، گفتوگۆ لەبارەی کاراکردنەوەی لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی 140 ی دەستوور لە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ و جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە 29 ی ساڵی 2012 ی تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی لیژنەی کاروباری باکوور – لجنة شؤون الشمال)ی هەڵوەشاوە تایبەت بە زەوییە کشتوکاڵییەکانی کەرکووک كرا.
هەروەه ئەنجومەنی وەزیران پێشوازیی لە بڕیاری کاراکردنەوەی لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی 140 ی دەستوور دەکات و دەستخۆشی لە دوا نووسراوی لیژنەکە دەکات بۆ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری کوژاندنەوەی زەوی کشتوکاڵی کورد و تورکمان و ڕاگرتنی نوێکردنەوەی گرێبەستی کشتوکاڵی بۆ هاوردەکراوان، بەڵام لەمە گرنگتر جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانەیە بە کردارەکی و ڕاگرتنی خێرای هەموو ئەو ناڕەواییەی بەرامبەر بە جووتیارانی کورد و تورکمان دەکرێت لەو ناوچانە، کە هیچ بنەمایەکی یاسایی و دەستوویی نیە.
ئەنجومەنی وەزیران لیژنەی وەزاریی تایبەت بە بەدواداچوونی جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور بە سەرۆکایەتی وەزیری ناوخۆ ڕاسپارد کە کۆبوونەوەی پێویست ئەنجام بدەن و بە هەماهەنگیی لە گەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەدواداچوونی خێرا بکەن بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و لیژنەی فیدڕاڵیی تایبەت بە جێبەجێکردنی ماددەی 140 بە تایبەتیش ئەوەی پەیوەندیدارە بە کێشەی زەویوزاری جووتیارانی کورد و تورکمان کە ڕێگرییان لێ دەکرێت.



