
کۆنگرێسی ئەمریکا پرۆژە یاسای خەرجییە سەربازییەكان پەسەندکرد، کە لەناویاندا باس لە دابینکردنی سیستمی بەرگری ئاسمانی بۆ پێشمەرگە دەکات.
رۆژی چوار شەممەی رابردوو، ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا هەموارکردنەوەی کۆنگرێسی کۆمارییەکانی بۆ پرۆژە یاسای خەرجییە سەربازییەكان پەسەندکرد، کە ئەو هەمواركردنەوەیە هەوڵەکان بەهێزتر دەکات سیستمی بەرگری ئاسمانی بۆ پێشمەرگە دابینبكرێت، ئەمەش لە چوارچێوەی گفتوگۆکان لەسەر یاسای ڕێگەپێدانی بەرگری بۆ ساڵی ٢٠٢٤ ( NDAA)، کە یاسای بودجەی ساڵانەی پێنتاگۆن دادەنێت.
ئێستا گۆنگرێسمانەكانی ئەمریكا، كە پرۆژەكەیان ئامادەكردووە، داوا لە ئیدارەی ئەمریکا دەکەن پلانی کارکردن ئامادەبکات و جێبەجێبکات بە ئامانجی مەشقکردن و تەیارکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی تری عێراق، بەمەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران و فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی توركیا.
بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی میدل ئیست ئەی بەریتانی، هەرێمی کوردستان تاڕادەیەک سەقامگیرە، بەڵام لە ساڵی ڕابردوو رووبەڕووی چەند هێرشێكی موشەكی بووەتەوە، كە ئێران و تورکیا هێرشەكانیان ئەنجامداوە.
هەروەها توێژەری ئەمریکی جۆناسان لۆرد، ڕوونیکردەوە، داواکارییەکی زۆر لەسەر سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئەمریکا هەیە، لە ئۆکرانیا و دەوڵەتانی کەنداو و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پێویستە لەو چوارچێوەیەدا بێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەر وڵاتێک، یان ناوچەیەک کە مووشەکی بالیستیکی ئێرانی پێبگات، دەبێت لەلایەن واشنتۆنەوە هاوكاری بكرێت.