کوردستانگرنگ

یەکێتی ئومێدی نەما

دوو ساڵی تەواو تێدەپەرێت بەسەر رووداوەكانی 8ی تەموز، كە دوو هاوسەرۆکەکەی یەکێتی دژی یەک وەستانەوە و یەکتریان تاوانبارکرد.

پێش ڕووداوەکانی 8 تەمووز لاهور جەنگی ئەوکات خاوەنی دەسەڵاتێکی گەورە و بێ سنور بوو لەناو یەکێتی، بەرادەیەک شتێکی وەهای نەهێشتبووە بۆ بافڵ تاڵەبانی و سەرکردایەتی یەكێتی و دەسەڵاتەكانی بەناو هەموو جونگەكانی یەكێتی شۆڕكردبووەوە.

کە سەرەتا بەكۆنتڕۆڵكردنی کۆنگرەی چوار و وەدەرنانی بەرپرسە بە تەمەنەكانی یەكێتی دەستیپێكرد، لە کۆنگرەی چواردا ئەو كەسانەی لە یەكێتی دوورخستنەوەو شوێنەكانیانی بە كەسانێكی لاواز و کەم ئەزموون پڕكردەوە، هەر ئەوەش وایكرد، بەزوویی دەوری چۆڵ بێت و لە كاتی تەنگانەكەی كەس بە دەمیەوە نەچوو.

هەروەها لاهور جەنگی، هەر لە سەردەمی دەسەڵاتیدا، بەهەموو تواناتەوە دژی حکومەت وەستاو وەک ئۆپۆزسیۆن کاری دەكرد، ئەوەش لە دژی ئەو حکومەتەی حزبەکەی خۆت کوتلەی سەرەکی بووە لە پێکهێنانیدا، كە ئەمانە و دەیان کێشەی تر وایکرد ئاسانتر لاهور جەنگی لە پۆستەکەی دووربخرێتەوە.

لەلایەکی تر تێکەڵکردنی بازرگانی بەسیاسەت، یان گۆڕینی ئەجندای حیزب لەبابەتی گشتییەوە بۆ کوتلەیەکی بەرژەوەندیخواز و بازرگان و ئاراستەكردنی هەموو بەرنامەکەی بەوەی چۆن داهاتی زیاتر کۆبکەیتەوە بۆ خۆت و کەسوکارەکەت و دواتریش سەرانەسەندن و قاچاخچیەتی و مەسموحکردنی هەزاران کەس تەنها لەبەر ئەوەی لایەنگری هاوسەرۆكن و نانەوەی ئاژاوە و گێرەشێوێنی و دەیان کاری تری نابەجێ، بە هۆكارێكی تری هەڵەی ستراتیژی لاهور جەنگی دەزانرێت، تا ئەوەی بە دۆخی هەشتی تەموزی گەیاند.

بافڵ تاڵەبانی، بیانووی دوورخستنەوەی لاهور جەنگی، كە هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی بوو، بابەتی ژەهرخواردن بوو، كە ئێستاشی لەسەر بێت ئەم بابەتە بەنهێنی و شارەواوەیی ماوەتەوەو بافڵ تاڵەبانی، كە ئێستا سەرۆكی یەكێتی نەیتوانیوە باوەڕ بە ئەندامانی یەكێتی و رای گشتی بهێنێت، كە ئەو چیرۆكە راستەقینەیەو روویداوە، بە ئێستاشەوە زیاتر وادەخوێنرێتەوە، كە بیانویەک بێت بۆ دوورخستنەوەی لاهور جەنگی نەک ئەوەی بابەتێکی جدی و واقیعی بێت.

پرسیارەکە لێرە ئەوەیە، ئایا دوای دوو ساڵ لە دوورخستنەوەی لاهور جەنگی و دەستەکەی، حوکمڕانی رەهای یەکێتی و بگرە سلێمانیش بەدەست بافڵ تاڵەبانییە، چی گۆڕا؟ لەکاتێکدا لەدیداری یەکێتیدا ناوی لە هاوسەرۆكییەوە گۆڕا بۆ سەرۆک.

ئەوەی لە ماوەی پێشوودا بافڵ تاڵەبانی و میدیاکانی نزیک لەو، لاهور جەنگییان پێ تۆمەتبار دەکرد، وەک قاچاخچیەتی و زۆرشتی تر لەنەبونی لاهور جەنگیشدا هەربەردەوام بوو بگرە زیادیشی کردووە، بۆیە بافڵ تاڵەبانی نەیتوانی گۆڕانکارییەکی وەها لەیەکێتیدا بکات، بگرە بەشێک لەو گۆڕانکارییەشی کەکردویەتی بەئاراستەیەکی خراپتر بووە نەک ئەوەی بەئاراستەی باشتر.

لەلایەکی ترەوە خەڵک وایدەزانی بافڵ تاڵەبانی وەک لاهور جەنگی ناکات و پشتیوانی و هاوکاری حکومەتی هەرێم دەبێت، بەوەش دۆخێکی ئارام دروست دەبێت، هەم پرۆژەکان دەکەونەکار و هەمیش بازاڕی کار دەبوژێتەوە، بەڵام بافڵ تاڵەبانیش بەهۆی کەوتنەژێر کاریگەری ئەو شەپۆلە پۆپۆلیستییەی هەیە نەیتوانی ئەو بەستەڵەکە بشکێنێت و هاوکار و هەماهەنگی حکومەت بێت لەبنەبڕکردنی قاچاخچیەتی و کۆکردنەوەی داهات بەباشی. تاببێتە هاوکار و یارمەتیدەرێک لەگەڵ داهاتەکانی تردا بۆ ئەوەی حکومەت نەک هەر موچە لە کاتی خۆیدا بدات، بەڵکو دەست بەپرۆژەکانیش بکاتەوە و بازاڕ ببوژێنێتەوە.

ئەوەش لەمکارە زەرەری گەورەی بەرکەوت سلێمانی و دانیشتوانەکەیەتی، بۆیە بافڵ تاڵەبانیش نەیتوانی ئیدارەیەکی باشتری یەکێتی بدات و جەماوەری نەک ئاشت نەکردەوە، بگرە ئەوەندەیتر بێ ئومێدیکردن، هەر ئەوەش هۆکاری ئەوەبوو کەبیانوو لەهەڵبژاردن بگرن و هەتا بوونە هۆی ئەوەی هەڵبژاردن پەکبخەن و لەوادەی یاسایی و ئاسایی خۆیدا نەکرێت.

واتە بەگشتی یەکێتی نوێ نەک نەیتوانی خەڵکی سلێمانی ئاشت بکاتەوە، بەڵکو نەیتوانی کادر و ئەندامانی خۆشی ئاشت بکاتەوە و ئەو تۆزە ئومێدەشی هەیبوو ئەوەشی نەهێشتووە، ئەوەش بە بەڵگەی ئەوەی ئێستا برۆ قسە لەگەڵ خەڵکی بازاڕدا بکە، ئەوکات تێدەگەی یەکێتی نوێ نەک نەبووە هیوا بۆ هەمووان بەڵکو خەڵکی بەتەواوەتی بێ هیواکرد.

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button