
یەکێک لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دابەشکردنی داهات بووە بە شێوەی یەکسان و شەفاف بە ئامانجی سوودمەندبوونی هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان.
هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: “لە مانگی ئایاری ئەمساڵ لە ئەنجومەنی وەزیران رێککەوتنێک کرا و چەند بڕیارێکیش دەرچوو، لەمەودوا دەبێ هەموو داهات و خەرجی بگەرێتەوە وەزارەتی دارایی و لەوێوە بڕیاری لێ بدرێت و ئەولەویەتیش بدرێت بە مووچە، ئێستا ئێمە سەرقاڵی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەین، بۆ ئەوەی میکانیزمی پێویست دەربکەین”.
وتیشی: دیار نەمانی داهات یەکێک بوو لە کێشە سەرەکیە سیاسییەکانی لە هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی لە سنووری پارێزگای سلێمانی کە بەشێک لە داهات دیار نەدەما، قاچاخچێتیش بەردەوام بوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بڕیاریدا بە کۆکردنەوەی داهات لە یەک سەرچاوە، ئەو بڕیارەش لە 11 ماددە پێکهاتووەو وەزارەتی دارایی سەرپەرستی کۆکردنەوە و خەرجکردنی داهات و بودجە دەکات.