
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی: هەر داوایەکمان چووبێتە لای بەڕێز سەرۆکی حکوومەت، بۆی جێبەجێ کردووین.
کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی سەباروت بەجێبەجێکردنی خاڵەکانی کارنامەی کابینەی نۆ لە ماوەی ئەم چوار ساڵەدا دەڵێت: ”ئەو بەرنامەیەی لە کابینەی نۆدا دانرا، توانیومانە تا ڕادەیەکی زۆر جێبەجێی بکەین، بەتایبەت لە بابەتی چاکسازی و خزمەتکردنی هاووڵاتییان و نەهێشتنی ڕۆتینات، هەروەها لە ڕووی خزمەتکردن بە چینی هەژاران، لێقەوماوان، کەمئەندامان، سزادراوان، منداڵانی خانەکان، خانەی بەساڵاچووان و ژنانی هەڕەشەلێکراو، بۆیە کابینەی نۆ جیاواز بوو لە کابینەکانی پێش خۆی، ئەمەش بەتەنیا ئێمە نەمانکردووە، بێ گومان پاڵپشتیی تەواوی ئەنجوومەنی وەزیران و بەڕێز سەرۆکی حکوومەتمان هەبووە و داواکارییەکانی جێبەجێ کردووین.“
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژە بەوەش دەکات کە زۆرترین دامەزراندن لە وەزارەتەکەی ئەودا بووە، دەڵێ: ”بەڕێز سەرۆکی حکوومەت، بە پلەی یەک ڕەزامەندیی لەسەر داواكانمان داوە و پاڵپشتمان بووە، چونکە لە کابینەکانی پێشتردا وەزارەتەکەی ئێمە فەرامۆش کرابوو و کەمترین فەرمانبەری هەبووە لەچاو وەزارەتەکانی دیکە، لە لایەکی دیکەشەوە، ئێمە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و دوور لە دەستوەردانی حزبی، بەبێ محاسەسە و مەحسووبییەت داواکانمان بەرز کردوونەتەوە، بۆیە هەر داوایەکمان چووبێتە لای بەڕێز سەرۆکی حکوومەت، بۆی جێبەجێ کردووین.”