
رێبوار تاڵەبانی: بەهۆی تەعریبی دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە رێژەی دەنگەکان دەگۆڕێت.
رێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک راگەیاند: بەدڵنیاییەوە رێژەی دەنگەکان لەم هەڵبژاردنەدا بەهۆی ئەو تەعریبەی دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە دەگۆڕێت، جگە لەوەش ئێستا فۆرمێک دابەش کراوە کە کارتی زانیارییە، هەر کەسێک لە شاری خۆی نەبێت کارتی زانیاریی بۆ ناکرێ، لە کۆتاییدا ناتوانێ لە کۆمیسیۆنیش مافی دەنگدانی هەبێت، ئەوە هەوڵێکی خراپە کە پارێزگاری سەپێنراو دەیدات ئەمە لە کاتێکدایە کە خەڵکێکی زۆری کەرکووک ئاوارە بووە لە شارەکانی دیکەی کوردستان و دەرەوەی وڵاتن، بەو پێیە کەس ناتوانێ کارتی زانیاری دروست بکات، واتا مافیان بۆ دەنگدان دەسووتێت، سەرەڕای ئەوەش عەرەبێکی زۆر لە دوای ١٦ ئۆکتۆبەر هاتوونەتە کەرکووک و دووبارە فۆرمی خۆراکیان بۆ کراوە، ئەمانە مافی دەنگدانیان هەیە و ئەوەش کارەساتێکی دیکەیە، بۆیە ئەنجامەكان لە هەموو حاڵەتێک هیچ بەهایەکی نییە لە رووی دەستوورییەوە.
لەدرێژەی قسەکانیدا گوتی: ئێمە لە ٢٠٠٥ وەک لیستی برایەتی رێگر بووین لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، تا ئەو کاتەی مادەی ١٤٠ی دەستوور جێببەجێ دەکرێت، واتا بارودۆخەکە ئاسایی ببێتەوە و خەڵکی رەسەنی شارەکە دەنگ بدەن، ئەوەبوو نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمریکییەکان گوتیان با خەڵکی کەرکووک دەنگ بدەن، ئەو کاتە هەڵبژارن کرا و زۆرینەی دەنگەکانمان بەدەست هێنا کە ٢٦ کورسی بوو، واتا نیوەی ئامانجەکەمان پێکا، بەڵام لە هەڵبژاردنی ئەمجارە ١٦ کورسیی ئەنجومەنی پارێزگا هەیە، بۆیە پێموایە ئەگەر حاڵەتی راستەقینە بێت ئەوا بە لایەنی کەمەوە دەبێ ١٤ کورسی هی کورد بێت.“
وتیشی: کە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر بارودۆخێکی دیکە لەو ناوچەیە دروست بووە، واتا ئێستا دوو جار بارودۆخەکە نائاساییە، یەکەم مادەی ١٤٠ جێبەجێ نەکراوە، دووەم بارودۆخێکی عەسکەرتارییەت دروست بووە، دەپرسم خەڵک چۆن دەنگ بدات؟ بێگومان ئەوە دژی ئازادییە، بۆیە تا ئەو عەسکەرتارییەتە كۆتایی پێ دێت، هەر ئەنجامێک لە هەڵبژاردن دەربچێت لە ئێستاوە غەیر موعتەرەفە و لە لایەنی دەستوورییشەوە یاسایی نییە.