
رۆژی دووشەممە (17ـی 7ی 2023)، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ کێشەکانی شاری کفری، داوای چارەسەر و بەدواداچوونی خێرای کرد و بەڕێزیان مەبەستیەتی بە کەمترین کات ئەوەی لە توانای حکوومەت بێت، کێشەکان چارەسەر بکرێن.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ماوەی زیاتر لەر هەفتەیەکە، دانیشتووانی کفری مانگرنتایان راگەیاندووە و داوای خزمەتگوزاری و ئاوڕدانەوە لە ناوچەکەیان دەکەن، وەک خۆیان دەڵێن ماوەی چەندین ساڵە لەلایەن بەرپرسانی ناوچەکەوە پشتگوێ خراون.
سەبارەت بە جێبەجێکردنی داواکاریەکانی هاوڵاتیانی کفری، وتەبێژەکەی حکومەت وتی: یەکێک لە داواکارییەکانی خەڵکی کفری، بەرزکردنەوەی پلەی سەرۆکایەتیی شارەوانی کفری بوو، بۆ ئەو مەبەستەش، لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوای بەرزکردنەوەی داواکارییەکەیان لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بەپێی ماددەی دەیەم لە یاسای بەڕێوەبردنی شارەوانییەکان ژمارە 6 ساڵی 1993، رەزامەندییان نیشاندا بۆ بەرزکردنەوەی پلەی سەرۆکایەتی شارەوانی کفری لە پلە دوو بۆ پلە یەک بۆ زیاتر خزمەتکردنی خەڵکی شارەکە.
رۆژی (16ـی 7ی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند، “هاووڵاتیانی خۆشەویستی کفری، سڵاو و رێزم هەیە بۆتان. لە داواکارییەکانتان ئاگادارم و بە دەستم گەیشتوون، بڕیارم داوە لیژنەیەکی تایبەت لە نوێنەرانی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان پێکبهێنرێت و بەزوویی بەدواداچوون بۆ داواکارییەکانتان بکرێت. دڵنیابن ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆ خزمەتتان درێغی ناکەین و بە رۆحیەتێکی گەرمیانییانەوە لەگەڵتان دەبم”.




