
ئەمڕۆ شایان عەلی، كە پێی دەڵێن (ژنەچالاكوانی ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان!) لەلایەن دادگای تاوانەكانی كەركووكەوە بە دوو ساڵ و شەش مانگ حوكم درا.
جارێ پێش ھەر شتێك، من پێم خۆش نییە ئەو ژنە بەو شێوەیە و بۆ ئەو ماوە زۆرە حوكم دراوە، ھەرچەندە ھێشتا بواری تەمیزكردنەوەی ئەو حوكمە ھەیە، بەڵام ئەوە بە پێخۆشبوون و پێناخۆشبوونی من نییە و ئەمەش كرۆكی ناو ئەم وتارە نییە، بەڵكوو ھەر لەسەر بنەمای ئەو حوكمەی دژی شایان دەركراوە، ھەندێك پرسیارم لا دروست بوون، ئایا:
1- ئەگەر شایان لە دادگای تاوانەكانی ھەولێر ئەو حوكمەی بدرایە، ئایا بەشێكی زۆری ئەوانەی لە سلێمانی بە خۆیان دەڵێن ڕۆژنامەنووس و چالاكوان! ئێستا ھەروەك قەومی قاز، ھەموویان بە یەك دەنگ و یەك ڕیتم نەیاندەگوت ئازادیی ژنان لە ھەولێر سەر بڕدراوە و كارەكە گەیشتووەتە ڕادەیەك، كە ژنێك لەسەر ئەوەی دوو قسەی لە بەرامبەر دادگا كردووە، دوو ساڵ و نیو حوكمیان داوە؟
2- ئەگەر شایان لە دادگای تاوانەكانی ھەولێر ئەو حوكمەی بدرایە، ئایا ئێستا میرە و میترۆ نەیاندەگوت: ”ئاھ برا گیان، ئێوە سەیر كەن ئەو ھەولێرە چۆن ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ئازادیی ڕۆژنامەنووسیی تیا پێشێل دەكرێت، خۆ كەس ناوێرێت یەك قسە بكات؟“
3- ئەگەر شایان لە دادگای تاوانەكانی ھەولێر ئەو حوكمەی بدرایە، ئایا ئێستا ئەو ڕاپۆرتنووسانەی، كە بە ڕاپۆرتنووسین بۆ كونسوڵخانەكان نانی خۆیان و ماڵ و منداڵ پەیدا دەكەن، ئایا ھەر لەمڕۆوە ھەتا سبەی و لە ماوەی 24 سەعاتدا، 24 ڕاپۆرتیان دژی دادگا و حكوومەتی ھەرێمی كوردستان نەدەدا بە كونسوڵخانەكانی وڵاتانی بیانی لە ھەولێر و ئایا وێنەیەكیش لەو ڕاپۆرتەیان نەدەدا بە یونامی؟
4 – ئەگەر شایان لە دادگای تاوانەكانی ھەولێر ئەو حوكمەی بدرایە، ئایا ھەر لەمڕۆوە یوسفە شاربەدەركراوەكە و سروە و زیاد و غالب و ھۆشیار و نازانم كێ شەمسەدین و ئەوان! نەیاندەگوت ئەشھەدو حەق وایە لەسەر ئەم بابەتەش لای دادگای فیدراڵی سكاڵایەك دژی دادگاكانی ھەرێمی كوردستان بجووڵێنین و بڵێین، حوكمی دادگای تاوانەكانی ھەولێر دژی شایان عەلی حوكمێكی نادەستوورییە و شایان شایانی ئەو حوكمە نییە؟
وتار: جەمال عەبدوڵا