
مانگرتووانی کفری ستایشی مەسرور بارزانی دەکەن و دەڵێن: “ئەو بەڵێنانەی کە پێمان دراوە جێگای رێز و تەقدیرە”.
ئارام کەریم داوێ، رێكخهری مانگرتنی كفری و ئارام فهقێ رهحیم، یهكێك له مانگرتووانی كفری، رایدەگەیەنن، “کۆمەڵێک داواکارییان هەیە، سەرەکیترینیان گۆڕینی قایمقامی قەزای کفریە، ئەگەر جەنبیان واز لە پۆستەکەیان نەهێنن خێوەتەکەیان دەگوازنەوە بۆ بەردەم بینای قایمقامییەتی قەزای کفری”.
رێکخەرانی مانگرتنەکەش دەڵێن: “ئەنجامی ئەو زوڵمەی کە لە کفری کرا متمانەی لە نێوان هاووڵاتیانی کفری و ئیدارەی خۆجێی کفری نەهێشتووە، دەبێت خەڵکی کفری ئاشت بکرێنەوە و تا جێبەجێکردنی سەرجەم داواکارییەکانیان لە مانگرتن بەردەوامدەبن”.
لەلایەن خۆیەوە، ئارام فەقێ، یەکێک لە مانگرتووانی کفری، رایگەیاند، “سوپاسی بەڵێنە گەرمیانییەکەی سەرۆکوەزیران دەکەن، وەڵامی بەشێکی زۆر لە داواکارییەکانیان وەرگرتووەتەوە چاوەڕێی وەڵامی سەرجەم داواکاریەکانیان دەکەن”.
جەختی لەوەشکردەوە، کفری وێران بووە و نەخۆشە، پێویستە سەرکردەکان کە ئەم هەرێمە بەرێوەدەبەن بە هانایانەوە بچن و چارەسەری ئەو دۆخەیان بۆ بکەن.
رۆژی دووشەممە (17ـی 7ی 2023) سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، یەکەم داواکاری خەڵکی کفری جێبەجێکرد کە بەرزکردنەوەی پلەی سەرۆکایەتیی شارەوانی کفری بوو، بۆ ئەو مەبەستەش، لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوای بەرزکردنەوەی داواکارییەکەیان لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بەپێی ماددەی دەیەم لە یاسای بەڕێوەبردنی شارەوانییەکان ژمارە 6 ساڵی 1993، رەزامەندییان نیشاندا بۆ بەرزکردنەوەی پلەی سەرۆکایەتی شارەوانی کفری لە پلە دوو بۆ پلە یەک بۆ زیاتر خزمەتکردنی خەڵکی شارەکە.



