
هەفتەی ڕابردوو شاندێکی هەرێم بەسەرۆکایەتی ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران سەردانی بەغدای کرد و بڕیار بوو ئەمڕۆش ٢٣/٧/٢٠٢٣ شاندێک دووبارە سەردانی بەغدا بکاتەوە، بەڵام سەردانەکە بۆ سبەی دواخرا.
بەپێی زانیاریەکانی میدیا مەگەزین، دوو هۆکاری سەرەکی هەیە بۆ سەردانی نەکردنی شاندەکەی هەرێم بۆ بەغدا.
هۆکاری یەکەم بریتیە لە: دەرچونی ڕێنمایی جێبەجێکردنی بودجەیە کە ئەمڕۆ لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە دەردەچێت و ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت و پاشان دەنێردرێت بۆ هەموو وەزارەت و دەستەکان.
هۆکاری دووەمیش بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە تا ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق پێداچوونەوەی بە داتاکانی حکومەتی هەرێم تەواو نەکردووە کە لە سەردانی هەفتەی ڕابردوو ڕادەستی وەزارەتی دارای کراون و بڕیاربوو ئەمڕۆ یەکشەمە وەڵامی هەرێم بدەنەوە لەسەر داتاکان کە برییتیە لە خەرجی و داهاتی هەرێم لە حەوت مانگی ڕابردوو. وەفدی هەرێم چاوەڕوانی وەڵامی بەغدان لەسەر ئەو داتایانە تا دووبارە بچنەوە بۆ بەغدا.