کوردستانگرنگ

كادیرانی كۆمەڵی دادگەری وازهێنانیان لەو حیزبە رادەگەیەنن

ژمارەیەك لە كادیرانی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان، لە چوارچێوەی كاردانەوەكانیان بەرامبەر بە كێشەكەی مەلا هەورامان گەچێنەیی، پەرلەمانتاری كۆمەڵ لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، دەست لەكاركێشانەوەی بەكۆمەڵیان ڕاگەیاند.

دڵشاد كەمال، كادیری پێشكەوتووی كۆمەڵ لە ئەورووپا، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە، ماوەی چەند ساڵێكە كێشەیەك لە نێوان هەورامان گەچێنەیی و حاجی عەتا بوونی هەیە، ”بە سیفەتی ئەوەی حاجی عەتا ئاوەڵزاوامە و لە نزیكەوە ئاگاداری ڕاستی و دروستیی كێشەكەم و دەزانم حاجی عەتا لەسەر هەقە و مافی پێشێل كراوە، بە داخەوە حزب و سەركردایەتیی كۆمەڵ نەیانتوانی بێلایەنیی خۆیان بپارێزن و بوونە لایەنگری لایەك.“

جەختیشی كردۆتەوە، ”حزب و بەشێک لە سەرکردایەتیی نەیتوانی كێشەی دوو لایەنگری خۆی چارەسەر بكات، ئیتر چۆن دەتوانێ كێشەی نەتەو ەو كۆمەڵگەیەك چارەسەر بكات؟“

لە بەشێكی دیكەی نووسینەكەیدا ئەو كادیرە پێشكەوتووەی كۆمەڵ رای گەیاندووە: ”من و چەند برایەک کە خەمخۆری ڕابوونی ئیسلامین لە مەڵبەندی ھەندارەن، دەست لەكاركێشانەوەی خۆمان لە ڕێكخستنەكانی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان ڕادەگەیەنین و وەك بێلایەن درێژە بە ژیانی ئاسایی دەدەین.“
ئەوەشی ئاشكرا كردووە: ”ئەم چەند برایە بە باشتریان زانی کە ناویان نەھێنرێت لە میدیا، لەبەر ئەوە ناوەكانیانم لە خوارەوە نەنووسیوە.“

ئەمە لە كاتێكدایە كە پێشتر حاجی عەتا، مەلا هەورامان گەچێنەیی بە خواردنی بڕی 250 هەزار دۆلار تۆمەتبار كردبوو، بەڵام كۆمەڵی دادگەری لە جێگەی بەرقەراركردنی دادپەروەری لەنێوان هەردوو كادیرەكەی خۆی، پشتی مەلا هەورامان گەچێنەیی گرت كە ئەمەش ناڕەزایی كادیرانی ئەو حزبەی لێ كەوتۆتەوە.

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button