
رۆژانە لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان گوێبیستی رووداوی دڵتەزێنی هاتوچۆ دەبین کە زۆربەیان قوربانی و کارەساتی دڵتەزێنیان لێدەکەوێتەوە.
ئامارەکانی قوربانیی هاتوچۆ ئاماژەی مەترسیدار دەخەنەڕوو، کە بە بەراورد بە وڵاتانی دیکە لەم هەرێمەدا لە ریزبەندی یەکەمەکانی هۆکاری گیانلەدەستدانی هاووڵاتیانە.
خراپی رێگاوبانەکان و پابەندنەبوونی شۆفێران بە رێنماییەکانی هاتوچۆ بەتایبەت تیژڕەوی و تێپەڕاندنی هەڵە و سەرقاڵبوون بە مۆبایل لە کاتی شۆفێریدا هۆکاری سەرەکی دروستبوونی ئەو رووداوانەن کە هەندێک جار لەناوچوونی تەواوی ئەندامانی خێزانێکی لێدەکەوێتەوە، ئەمە جگە لە زیانە ماددییەکان.
گوتەبێژی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی بەنیگەرانییەوە باس لە ئاماری رووداوەکانی هاتوچۆ لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەکات کە هەندێکیان رووداوی دڵتەزێنیان لێدەکەوێتەوە.
گوتەبێژی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی، بەهمەن عەبدوڵا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دووا و، باسی لەوە کرد کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی روودای هاتوچۆ پابەند نەبوونی شۆفێرانە بە رێنمایی و یاساکانی هاتوچۆ، لەوانەیش تیژڕەوی لە رادەبەدەر و بەکارهێنانی خواردنەوە کحولییەکان لەلایەن شۆفێرانەوە.
بەهمەن عەبدوڵڵا باسی لەوەیش کرد کە ئەگەر پلانەکانی حکوومەت و وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی هاتوچۆ جێبەجێ نەکرێن کە خۆیان دەبیننەوە لە رێنمایی و یاساکان و توندوتۆڵی ئۆتۆمبێلەکان لە شار و شارۆچکەکان و پارێزگاکاندا، ئەوا ئەم رووداوانەی هاتوچۆ بەردەوام دەبن.
لە چەند رۆژی رابردوودا، لە سنووی پارێزگای سلێمانی چەند رووداوێکی دڵتەزێنی هاتوچۆ روویاندا کە ژمارەیەک قوربانیی لێکەوتەوە و تەنیا لە ماوەی سێ رۆژی ئەم هەفتەیەدا لە چەند رووداوێکی هاتوچۆ لە سنووری پارێزگاکە پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و ١١ کەسی دیکەش برینداربوون.