سەردەمی كوڵانی زەوی لە عێراق دەستی پێ کرد
نەتەوە یەکگرتووەکان: سەردەمی كوڵانی زەوی لە عێراقەوە دەستی پێ کرد
ڕێكخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕای گەیاند، سەردەمی کوڵانی زەوی لە عێراقەوە دەستی پێ کردووە، بەو پێیەی ئەو وڵاتە زۆرترین كاریگەری گۆڕانکاریی کەشوهەوای لەسەرە و ئاستی ئاوەکەشی گەیشتووەتە نزمترین ئاستی تۆمارکراو، پلەکانی گەرماشی 50 پلەی سیلیزی تێپەڕاندووە.
ڤۆڵکێر تورک کۆمسیاری نەتەوە یەکگرتووەکان، دوای بەسەربردنی چوار ڕۆژ لە عێراق ڕای گەیاند، پلەکانی گەرما لە عێراق، ئاماژەن بۆ ئەوەی سەردەمی کوڵانی جیهانی لە ئێستاوە لەو وڵاتە دەستی پێ کردووە.
تورک ئاماژەی بەوەش کردووە، لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ بەسرە کە بە بەرهەمهێنانی نەوت لە باشووری عێراق ناسراوە، کاتێک هەستی بە گەرمای سووتێنەر کردووە، كە هەوای پیسبووی هەڵمژیوە لە ئەنجامی بڵاوبوونەوەی زۆری گاز لە هەوادا، بەمەش بۆی ڕوون بووەتەوە کە سەردەمی کوڵانی جیهانی کە پێشتر نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دابوو، لە عێراق دەستی پێ کردووە.
بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین زیانی بەردەكەوێ لە گۆڕانکاری کەشوهەوا لە جیهاندا، نەبارینی باران و خراپ بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاویش لەو وڵاتەدا، بووەتە هۆی وشکەساڵیی بەردەوام بۆ چەند ساڵێک.