
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، “لەم ماوەیەدا زیاتر لە 170 پڕۆژە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ جێبەجێکراون. لە پلانماندایە ژمارەیەک پڕۆژەی دیکەش لە قۆناغی داهاتوودا لە سنووری زاخۆ جێبەجێ بکەین. یەکێک لەوانە دروستکردنی شەقامی 60 مەترییە”.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 14ـی ئابی 2023، لە رێوەڕەسمی کردنەوەی پڕۆژەی گەشتیاری “کۆرنیشی دەلال” لە زاخۆ، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا رایگەیاند: “بەردەوامدەبین لەسەر هەوڵەکانمان بۆ پاراستنی مافە دەستوورییەکانمان و بەردەوامدەبین لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجامێکی ئاشتیانە و کێشەکان چارەسەبکرێن”. دەشڵێت، “زاخۆ شارێکی گرنگە بۆ ئێمە و بەردەوام پاڵپشت و پشتەوان بووە بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان”.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتیشی: “زاخۆ شارێکی گرنگە بۆ ئێمە، نەک لەبەر ئەوەی شارێکی سەر سنووری هەرێمی کوردستانە و دەروازەیەکە بۆ پەیوەندی لەگەڵ تورکیا، ئەوروپا و جیهانێ، بەڵکوو شارێکە بەردەوام پاڵپشت و پشتەوان بووە بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان و زۆر قارەمان لە زاخۆ هەڵساون و خەڵکێکی زۆر خۆی کردووەتە قوربانی و ئەم دەڤەرە شەهیدێکی زۆری داوە، زۆرێک لەوانەی شەهید بوون، دەمناسین، بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ لێرە نین. ئێمە سەری رێز و نەوازش بۆ بنەماڵەی سەربەزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان دەچەمێنین، کە ئەمە هەمووی بەرهەمی خەبات و تێکۆشانیانە و لە سایەی ئەوان، جێبەجێکراوە”.