رۆژهه‌لاتی ناوه‌راستکوردستانگرنگ

پارتی سەبارەت بە داڵدەدانی پەکەکە لە سلێمانی ھۆشداری دەداتە یەکێتی

عەلی عەونی ھۆشداری دەداتە یەکێتی نیشتمانیی کوردستان کە لە ئەگەری بەردەوامی سیاسەتەکانی لەھەمبەر پەکەکە، ئەوە ماوەیەکی دیکە پەکەکە لە ناو شاردا خاڵی پشکنین دادەنێ و داوای پێناس لە سەرکردایەتی یەکێتی دەکات.

ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان، عەلی عەونی ھۆشداری دەداتە یەکێتی نیشتمانیی کوردستان کە لە ئەگەری بەردەوامی سیاسەتەکانی لەھەمبەر پەکەکە، ئەوە ماوەیەکی دیکە پەکەکە لە ناو شاردا خاڵی پشکنین دادەنێ و داوای پێناس لە سەرکردایەتی یەکێتی دەکات.

عەلی عەونی لە لێدوانێکدا بۆ میدیای خۆجێیی ھەرێمی کوردستان رایگەیاندووە: “ئەگەر برایانی ئێمە لە یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە زۆنی سەوزی سلێمانی، سەرەدەری دروست لەگەڵ پەکەکە نەکەن، ئەوە لە دەمێکی نزیکدا پەکەکە لە ناو شاردا خاڵی پشکنین دادەنێ و داخوازی پێناسی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانی و ئەمری دەربازبوونی سەرکردایەتی حزب و لایەنە سیاسییەکانی دیکە دەردەکەن”.

ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە درێژەی قسەکانیدا راشیگەیاندووە “ئێستا بەرە بەرە وای لێھاتووە کە لە ڕانیە و قەڵادزێ، پەکەکە دەسەڵاتدارە و تەواو بوونی ھەیە، ھەروەھا پەکەکە ھێزێکی کوردستانی نییە و بەڵایەکی کوردستانییە”. 

ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان، عەلی عەونی لە کۆتایی قسەکانیدا، جارێکی دیکە ھۆشداری دایە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و گوتی: “ھەڤاڵانی ئێمە لە سلێمانی پێیان وانەبێت کە بۆ دژایەتی ئێمە دەبێت رێگە بۆ پەکەکە خۆش بکەن، پەکەکە ڕێکخستنێکی مەترسیدارە و دەبێتە مەترسی بۆ سەر ئەوانیش”. 

بە ھۆی بوونی ڕێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە لە ناوچە جیاجیاکانی پارێزگای سلێمانی، ناوە ناوە فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی سوپای تورکیا دەیانکەنە ئامانج.

بوونی پەکەکە سەرەڕای ناڕەزایەتییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەرێم بەردەوامە و لەم بارەیەوە حکوومەتی ھەرێم رایگەیاندووە کە بەھۆی بوونی پەکەکەوە، زیاتر لە ٨٠٠ گوند سنووری ھەرێمی کوردستان چۆڵکراون و حکوومەتی ھەرێمیش ناتوانێت خزمەتگوزاری پێویست بۆ ئەو ناوچانە دابین بکات و بەو شێوەیە کارئاسانی بۆ گەڕانەوەی گوندنیشنینان بۆ سەر زێدی خۆیان بکات.

ئەوە لە کاتێکدایە بەرەبەیانی ڕۆژی شەممەی رابردوو١٢ی ئاب، چەکدارانی ڕێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە لە گەلی ڕەشاڤە سەر بە ناحیەی دێرەلۆک لە قەزای ئامێدی سەربە پارێزگای دھۆک، تەقەیان لە خاڵێکی پشکنینی ھێزەکانی پێشمەرگە کردبوو.

ھەروەھا ھەفتەی رابردوویش، بەھۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو لە ھەمان شوێندا، پێشمەرگەیەک بە سووکی بریندار بوو.

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button