بانكی فیدڕاڵیی ئەمریكا سەری سوڕماوە و دەڵێ ئەو هەموو ئیندۆمییە بۆچی هاوردە دەكەن؟
پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراقی، وردەكاریی وردبینییەكی بانكی فیدڕاڵیی ئەمریكا سەبارەت بە هاوردەكردنی كەلوپەل و پێداویستییەكان لەلایەن عێراقەوە ئاشكرا دەكات.
ئەمڕۆ چوارشەممە ١٦ی ٨ی ٢٠٢٣، عەلی ئەلعەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق، لە كاتی میوانداریكردنی بۆیان، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: ”لێژنە نێودەوڵەتییەكان سەبارەت بە هاوردەكردنی ئەندۆمی پرسیار لە دەسەڵاتدارانی عێراقی دەكەن، كە بانكی ناوەندیی ئەمریكا وردبینیی بۆ كردووە و دەڵێن ئایا تا ئەو رادەیە حەز لە ئەندۆمی دەكەن؟“
گوتیشی: ”جیهان سەری سوڕ ماوە و تووشی شۆك بووە لەو هەموو حەز و ئارەزووەی نەوەی ئێستای عێراق بۆ ئەندۆمی و ئەو رێژە زۆرەی هاوردەكردنی، لێژنەكانی نێودەوڵەتی پرسیارم لێ دەكەن كە ئەمە راستە یان نا، ئەوە یەكێكە لەو هاوردەكراوە سەمەرانەی كە بانكی فیدڕاڵی ئەمریكا لێكۆڵینەوەی تیادا كردووە.“ ڕوونیشی كردەوە كە ملیۆنەها دۆلار بە ناوی هاوردەكردنی ئیندۆمییەوە، لە عێراق بردراوەتە دەرەوە.
عەلی ئەلعەلاق ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: ”زێڕ گەورەترین دڵنیاییە بۆۆ داهاتووی دراو لە عێراق.“ دوپاتیشی كردەوە: ”یەدەگی كانزای زەرد ئێستا گەیشتووەتە 132 تەن.“
گوتیشی: ”هیچ هاوسەنگییەك لە بازاڕی عێراقیدا نییە، دۆلاری نافەرمییش لە بازاڕی رەشەوە دێت.“
شارەزایان و پسپۆڕانی ئابووری باس لەوە دەكەن كە یەكێك لە ڕێگەكانی سپیكردنەوەی پارە لە عێراق و بردنە دەرەوەی دۆلاری دزراوی وڵاتەكە، بریتییە لە هاوردەكردنی وەهمیی كاڵاكان و باس لەوە دەكرێت كە ئەوانەی كارەكە دەكەن، نووسراوی ئەوتۆ ئامادە دەكەن و دەڵێن بە سەدان تۆن كاڵایەكیان هاوردە كردووە تاوەكوو دۆلارێكی زۆر لەم ڕێگەیەوە ببەنە دەرەوە، پاشان دەردەكەوێت لە واقیعدا هیچ كاڵایەك هاوردە نەكراوە و تەنیا بابەتەكە سپیكردنەوەی پارە بووە.