
حکومەتی ئەڵمانیا پڕۆژەیاسایەکی پەسەندکرد کە ڕێگە بەچاندنو بەکارهێنانی ماریجوانا دەدات، بۆ مەبەستی کاتبەسەربردن.
بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، یاساکە کە دەبێت لەلایەن پەرلەمانی ئەڵمانیاوە پەسەندبکرێت، ڕێگە بەگەورەکان دەدات تا 25 گرام لەو مادە هۆشبەرەیان هەبێت، یاخود ئەوپەڕی سێ دانە لەو ڕوەکە بچێنن، یان وەک ئەندامی یانەکانی ماریجوانا کە قازانج نەویستن بەدەستی بهێنن. حکومەتی ڕاوێژکار ئۆلاف شۆڵز هیوادارە یاساکە بتوانێت بازاڕی ڕەشی ئەو مادەیە سنوردار بکاتو بەکارهێنەران لەماریجوانای پیس بپارێزێتو تاوانەکانی پەیوەست بەمادە هۆشبەرەکان کەمبکاتەوە. کارل لاوتێرباخ وەزیری تەندروستیی لەپارتی سۆسیال دیموکرات ڕایگەیاندوە، یەکێک لەپایە سەرەکییەکانی پلانی لابردنی قەدەغەی بەکارهێنانی حەشیش، هەڵمەتێکە بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک لەمەترسییەکان بۆ ئەوەی لەکۆتاییدا خواردنەوەی ماریجوانا کەمبکاتەوە. لاوتەرباخ لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەبەرلین بۆ ڕاگەیاندنی پڕۆژەیاساکە ڕایگەیاند، “بەڕێکارەکانی ئێستا ناتوانین بەشێوەیەکی جددی منداڵانو گەنجان بپارێزین، بەوپێیەی ئەو پرسە بۆتە تابویەکی کۆمەڵایەتی”. هەروەک وتویەتی، “بەکارهێنانێکی ڕوو لەزیادبوو و مەترسیدارمان هەیە، بەسادەیی ناتوانین ڕێگە بدەین ئەمکارە بەردەوامبێت، بۆیە ئەمە خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگە لەسیاسەتی مادە هۆشبەرەکانماندا”.



