
لەبارەی کوشتنی نیاز دەرگەڵەیی بنەماڵەی ناوبراو ڕوونکردنەوەیەکیان بڵاوکردەوە و دەلێن: “پێویستە هەموومان چاوەڕوانی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی دەزگا پەیوەندیدارەکان بکەین بۆ دەرخستن و ئاشکراکردنی ئەو کردە تیرۆریستییە”.
دەقی روونکردنەوەکە:
لەچەند رۆژی رابردوو، سەدان هەواڵی نادروست و داتاشراو، کە پڕن لە زانیاری نادروست لەبارەی شەهیدبوونی کاک نیاز دەرگەڵەییەوە بڵاوکراونەتەوە، کە ئێمە پێمانوایە بەشێک لەو هەواڵە نادروستانە بۆ بەلاڕێدابردنی رەوتی لێکۆڵینەوەکانن و بەمەبەست بەو شێوەیە هەڵسوکەوت لەگەڵ رووداوەکەدا دەکرێت.
لێرەوە دووپاتی دەکەینەوە کە سەراپای ئەو هەواڵانە بەتایبەت ئەوەی لە سۆشیال میدیا بڵاو دەکرێنەوە هیچ راستییەکیان تێدا نییە، بەتایبەت کە تێکڕایان زادەی بیرکردنەوەی خۆیانن و هیچ کەسێک لە هێزە ئەمنیەکان و لە بنەماڵەکەشمان هیچ جۆرە زانیارییان پێنەداون، بۆیە پێویستە هەموومان چاوەڕوانی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی دەزگا پەیوەندیدارەکان بکەین بۆ دەرخستن و ئاشکراکردنی ئەو کردە تیرۆریستییە نامرۆڤانەیە.
وە بۆ ئاگاداری هەموو لایەک، ئێمە وەکو بنەماڵە هیچ لێدوانێک لەوبارەیەوە نادەین تا گەیشتن بە ڕاستییەکان، ئەوکات لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا تەواوی ڕاستییەکان بە هاووڵاتییانمان دەگەیەنین.
بنەماڵەی شەهید نیاز دەرگەڵەیی
٢٠٢٣/٨/٢٢



