بردنی خۆراک و کەلوپەل قەدەخە دەکرێت

دەسەڵاتدارانی سعودیە رێوشوێنی تووندیان لە دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان گرتووەتەبەر بۆ رێگری لە بردنی بڕێکی زۆر خۆراک و ئامێری چێشتلێنان لەلایەن عومرەکارانەوە. دەستەی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستانیش هۆکارەکەی بۆ پاراستنی سەلامەتیی عومرەکاران دەگەڕێنێتەوە.
کاروان ستونی، گوتەبێژی دەستەی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە 15-02-2026 رایگەیاند، “لە دەروازەی سنووریی عەرعەر (وشکانی)، لایەنی سعودیە چاودێری و رێکاری زۆر تووندی گرتووەتەبەر و رێگە بە عومرەکاران نادات بڕێکی زۆر خۆراک لەگەڵ خۆیان ببەنە نێو ئەو وڵاتە.”
سەبارەت بە هۆکاری ئەم بڕیارە، گوتەبێژی دەستەی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان گوتی، “بەهۆی دووریی رێگە و پلەی گەرماوە، ئەگەری تێکچوونی ئەو خۆراکانە زۆرە کە عومرەکاران دەیکەنە توێشوی رێگە، ئەمەش مەترسی لەسەر تەندروستییان دروست دەکات.”
جگە لە خۆراک، سعودیە رێگە بە بردنی ئامێرەکانی چێشتلێنانیش نادات. کاروان ستونی دەڵێت، “بردنی ئامێری گەرمکەرەوە (هیتەر و تەباخ) بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە، چونکە هۆتێلەکان رێگەی پێ نادەن و پێچەوانەی رێنماییەکانی بەرگریی شارستانییە؛ زۆرجار بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە و کارەسات، جگە لەوەی بۆنەکەی خەڵکی دیکەی نێو هۆتێلەکان بێزار دەکات.”
بە گوتەی کاروان ستونی، یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان کەمکردنەوەی قەرەباڵخییە لە دەروازەکان، چونکە پشکنینی بڕێکی زۆری خۆراک کاتێکی زۆر دەبات و دەبێتە هۆی دواکەوتنی پاس و عومرەکاران لە تەواوکردنی رێکارە یاساییەکاندا.
هەر لەمبارەیەوە، دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا جەخت لەوە دەکاتەوە، بڕیاری قەدەخەکردنەکە لەسەر بنەمای رێنماییە فەرمییەکانی وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە دراوە و ئاماژە بەوە دەکات، “بەهۆی شێوازی گواستنەوە و کۆگاکردنەوە، خۆراکەکان رووبەڕووی تێکچوون و ژەهراویبوون دەبنەوە.”
دەستەی حەج و عومرە داوا لە عومرەکاران دەکات هاوکاری لایەنە پەیوەندیدارەکان بن و پابەندی رێنماییەکان بن، بۆ ئەوەی دووربن لە هەر رووداوێکی نەخوازراو.



